ئەمریکا هەڕەشەی لەناوبردنی کەرتی وزەی ئێران دەکات

ئەمریکا هەڕەشەی لەناوبردنی کەرتی وزەی ئێران دەکات: “سوپای پاسداران کۆنترۆڵی هورمزی نەماوە”.

لە پەرەسەندنێکی نوێی گرژییەکانی ناوچەکەدا، پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، هەڕەشەی توند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە جەنگییەکان.

وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری دا، کە ئەگەر ئێران بژاردەی هەڵە هەڵبژێرێت و ئامادەی ڕێککەوتن نەبێت، دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی بۆردومانەکانیان. وتیشی: ئێمە بە وردی چاودێری پاشماوەی تواناکانی ئێران دەکەین و هەر هەڵەیەک بکەن، ژێرخانی وزەی وڵاتەکەیان لەناو دەبەین.

لە لێدوانێکی جیاوازدا، هیگسێس ئاماژەی بەوە کرد، کە سوپای پاسدارانی ئێران کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا لەدەستداوە. ڕاشیگەیاند، ئەمریکا ڕێگری لە هەر کەشتییەک دەکات کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران بکات، بێ گوێدانە ئەوەی چ ئاڵایەکی وڵاتێکی هەڵکردووە.

وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە هێزەکانیان زانیاری وردیان هەیە لەسەر جۆری ئەو کەرستە جەنگییانەی بۆ ناو ئێران دەگوازرێنەوە. هیگسێس دووپاتی کردەوە: “هێزەکانمان ئامادەن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک و دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە جەنگییەکان لە ناوچەکەدا.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە