میروەیس: یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا ناکات

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت کە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەدا ناکەن کە تایبەتە بە پرسی گۆڕینی پارێزگا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشمانیی کوردستان ڕایگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکات.

وتیشی: “ئەمڕۆ کۆبوونەوە بکرێت و نەکرێت، ئێمە ئامادەی کۆبوونەوەکە نابین، ئێمەش ئامادەنەبین رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواو نابێت”.

بڕیارە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبێتەوە و بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و پارێزگاری نوێش هەڵدەبژێردرێت.

عەبدوڵا میروەیس ڕایگەیاند، کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە، لە ژێر ڕۆشنیایی ئەنجامی کۆبوونەوە بڕیاری پێویست دەدرێت.

وتیشی “تاوەکو ئێستا رێبوار تەها، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێشکەش نەکردووە و لە پۆستەکەی بەردەوامە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە