کۆمپیوتەرێکی میکانیکی بێ کارەبا دروستدەکرێت

تیمێک لە زانایان مۆدێلێکی نائاسایی بۆ هاژمەکاری (Computing) دەخەنە ڕوو کە پشت بە بەکارهێنانی “سپێرینگ” (Springs) دەبەستێت لەبری چیپە ئەلیکترۆنییەکان، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانجی دۆزینەوەی جێگرەوەی خۆڕاگرتر و کەمتر پشت‌بەستوو بە وزەیە.

زانایانی کۆلێژی “سانت ئۆلاف” و زانکۆی “سیراکیوز” لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سیستمێکی کۆمپیوتەری میکانیکییان پەرەپێداوە کە بەبێ پێویستی بە سەرچاوەی وزەی دەرەکی کار دەکات، و پشت بە هێزی ڕاکێشانی سپێرینگ و جووڵەی شیشە پۆڵایییەکان دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی کردارە ژمێریارییەکان.

ئەم سیستمە پشت بە بیرۆکەی “بیرگەی فیزیایی” (Physical Memory) دەبەستێت کە لە هەندێک ماددەدا هەیە، بە جۆرێک ماددەکانی وەک لاستیک یان کانزاکان دەتوانن شوێنەواری جووڵە یان شێواندنی پێشوو لەناو خۆیاندا بپارێزن، کە زانایان ئیلهامی دیزاینەکەیان لەوەوە وەرگرتووە.

بە پێچەوانەی کۆمپیوتەرە باوەکان کە پشت بە ئاماژە کارەبایییەکان دەبەستن، ئەم ئامێرانە پێکهاتە ماددییەکان بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی لۆژیک و بیرگە بەکاردەهێنن، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ پڕۆسێسەرە ئەلیکترۆنییەکان لە هەندێک بواری تایبەتدا.

جۆی پۆڵسن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە فیزیای کۆلێژی سانت ئۆلاف دەڵێت: “ئێمە بەزۆری وا بیر دەکەینەوە کە بیرگە تەنها لە ئامێرەکانی کۆگا یان لە مێشکدا هەبێت، بەڵام زۆرێک لە ماددەکان بیرگەیەکی میکانیکییان تێدایە کە پەیوەستە بە مێژووی بەکارهێنانیانەوە، وەک لاستیک کە بڕی کشانی یان پەستانی پێشووی لەبیر دەمێنێت.”

تیمەکە سێ ئامێری میکانیکی سادەیان دیزاین کردووە کە لە سپێرینگ و شیشی پۆڵا پێکهاتوون و ئەرکی جیاواز ئەنجام دەدەن؛ یەکێکیان وەک ژمێرەری جووڵە کار دەکات، یەکێکی تریان وەک دەروازەیەکی لۆژیکی (Logic Gate) کە جیاوازی لە نێوان نرخە تاک و جووتەکاندا دەکات، لەکاتێکدا سێیەم بیرگەی ئەو هێزە دەپارێزێت کە خراوەتە سەری.

زانایان پێیان وایە ئەم بیرۆکەیە دەرگا لەبەردەم بەکارهێنانی نوێ دەکاتەوە لە ژینگە سەختەکاندا کە ئەلیکترۆنیاتە باوەکان ناتوانن تێیدا خۆ بگرن. بۆ نموونە: دەکرێت ئامێری هەستەوەر (Sensors) لەناو بزوێنەری فڕۆکە جێتەکاندا پەرەپێبدرێت کە بێ پاتری کار بکەن، یان پەلە دەستکردەکان کە ڕاستەوخۆ وەڵامی پەستان و جووڵە بدەنەوە.

ئەم ئەنجامانە هەنگاوێکن بەرەو پەرەپێدانی “ماددە زیرەکەکان” کە توانای هەستکردن بە ژینگە و بڕیاردانی سادەیان هەبێت، کە ڕەنگە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بوارەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاری کارلێکەر. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری (Nature Communications) بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوە: Interesting Engineering

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە