قوباد تاڵەبانی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی سلێمانی ڕاگەیاند.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستەنگییەکانی هاتووچۆ و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، هەڵمەتێکی گەورە و خێرای بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی، ڕێگاوبان و چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکانی سلێمانی، بڕیار درا کە لە سبەینێوە تیمەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەڵمەتەکە لە ناوەندی شارەوە دەست پێ دەکات و لە قۆناغی دووەمدا ڕێگاکانی دەرەوەی شار دەگرێتەوە، کە بەهۆی بارانبارین و هۆکارە جیاوازەکان زیانیان بەرکەوتبوو.
جگە لە نۆژەنکردنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا دەست بە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگی دروستکردنی شەقامی نوێ بکرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر دراوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی لۆد و باشترکردنی ژێرخانی گواستنەوە لە شارەکەدا.
لە هەنگاوێکی نوێ و جیاوازدا، شارەوانی سلێمانی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی ئامادە کردووە کە لە هەفتەی داهاتووەوە دەکەوێتە گەڕ. لە ڕێگەی ئەم ئەپڵیکەیشنەوە، هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەوخۆ وێنە و شوێنی هەر خراپییەکی ڕێگاوبانەکان بۆ تیمەکان بنێرن، تاوەکو لە کەمترین ماوەدا تیمەکانی چاککردنەوە بگەنە شوێنەکە و گرفتەکە چارەسەر بکەن.
قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، کە ئەم هەڵمەتە و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ ئەوەیە خزمەتگوزارییەکان خێراتر و شەفافتر بگەنە دەستی هاووڵاتییان و سیمای شار و ڕێگاکانی دەرەوە بە شێوەیەکی شایستە چاک بکرێنەوە.
