ئەکسیۆس: واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نیشان نەداوە.
پەیامنێری ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران نیشان نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە.
ئەو بەرپرسە ڕوونیکردەوە: “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی ڕاگرتنی تەقەکردن نەداوە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.”
لەلایەکی دیکەوە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکاتەوە، سەرەڕای هەبوونی دەنگۆ دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی خولی دووەمی دانوستانەکان لە “ئیسلام ئاباد”ی پایتەختی پاکستان، ئەمەش لە سایەی گرژییەکی بێوێنە لە ناوچەکە و مەترسییەکانی هەڵگیرسانەوەی جەنگ.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری تۆڕی “ABC News” وتی، ڕەنگە بابەتەکە بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی بێت، بەڵام پێموایە گەیشتن بە ڕێککەوتن باشترینە، چونکە دەرفەتیان پێ دەدات دووبارە خۆیان بنیاد بنێنەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان تووشی چەقبەستوویی بوون، دوای ئەوەی خولی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات، سەرەڕای بەردەوامی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولا.
