دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر، قەیرانی کەمیی گاز لە هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت. پێشبینی دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە دۆخەکە بە تەواوی سەقامگیر ببێتەوە و نرخەکان بگەڕێنەوە ئاستی ئاسایی خۆیان.
سالار محەمەد، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، نزیکەی %80ـی دانیشتووانی هەولێر بوتڵی یەکەمی گازیان وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە، پرۆسەی دابەشکردنی بوتڵی دووەمی گازی ماڵان بە هەمان شێوازی پێشوو و لە ڕێگەی کۆبۆن (فۆڕمی خۆراك)ەوە دەستپێدەکات.
لە لایەکی دیکەوە، جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئاشکرای کرد کە نرخی گازی شل لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بە وتەی ناوبراو، “ئێستا لە بەنزینخانەکاندا نرخی هەر لیترێک گاز بە ڕێژەی %50 دابەزیوە و چاوەڕوان دەکرێت تا هەفتەی داهاتوو کێشەی گرانیی نرخ بە تەواوی چارەسەر ببێت”.
