ترەمپ: چین چیتر چەک ناداتە ئێران

ترەمپ: گەرووی هورمز بە هەمیشەیی دەکرێتەوە و چین چیتر چەک ناداتە ئێران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین، چەند زانیارییەکی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی گەرووی هورمز و گەمارۆکانی سەر ئێران ئاشکرا کرد.

ترەمپ ڕایگەیاند، کە پەکین ڕازی بووە بەوەی چیتر هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران ڕەوانە نەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە تەنها لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی چین و هەموو جیهاندایە. وتیشی: “چین زۆر دڵخۆشە کە من گەرووی هورمز بە هەمیشەیی دەکەمەوە، ئەمە کارێکی جیهانییە.”

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە باشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی چین کرد و بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانی ئەو وڵاتە بکات. ترەمپ بە شێوازێکی گەشبینانە وتی: “کاتێک دەگەمە ئەوێ، سەرۆک شی باوەشێکی گەرمم پیا دەکات؛ ئێمە زۆر بە زیرەکانە پێکەوە کار دەکەین، چونکە پێکەوە کارکردن باشترە لە شەڕکردن.”

لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئاشتی، ترەمپ هۆشدارییەکی توندیشی دا و ڕایگەیاند: “لە یادتان بێت، ئەگەر ناچار بین، ئێمە لە شەڕکردندا زۆر لێهاتووین و لە هەموو کەسێکی دیکە باشترین.”

سەبارەت بە کاردانەوەکانی تاران بەرامبەر گەمارۆ دەریایییەکان، ترەمپ وتی: ئێران درکی بەوە کردووە کە ئێمە بە تەواوی لەتمان کردوون و گورزی زۆر بە ئازار و سەختیان بەرکەوتووە.

جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران لە هیچ بارودۆخێکدا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە