بێریڤان ئەحمەد
زۆربەی سەرچاوە و ژێدەرەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە (تاوانی جینۆسایدی ئەنفال) ساڵی 1988 و لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە تا سەرەتای مانگی ئەیلوولی 1988، بە هەشت قۆناغی یەک لە دوای یەک، وەک دڕندانەترین شاڵاو لەلایەن (بەعس)ەوە بە بەشداری تەواوی جومگە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و حزبی و حکومییەکان دژ بە گەلی کورد کراوە، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال یەکێکە لە بەربەریانەترین و دڕندانەترین تاوانەکانی جینۆساید کە لە سەدەی بیستەمدا ئەنجامدرابێ، بۆیە بە تاوانی سەدە دەژمێردرێت.
رۆژژمێری ئەنجامدانی تاوانەکە بە پێی زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوەکان، بە تایبەت بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەکانی رژێمی بەعس و دامودەزگا سەربازی و ئەمنی و حزبی و حکومییەکانی، بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:
قۆناغی یەکەم: لە ناوەڕاستی مانگی شوباتەوە تا 19ی ئادار (دۆڵی جافایەتی و بە دیاریکراوی بارەگاکانی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرگەڵو و بەرگەڵو) و هاوکات 150 گوند کەوتنە بەر قۆناغی یەکەمی شاڵاوەکە و جێبەجێکردنیشی لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری راستەوخۆی (سوڵتان هاشم ئەحمەد) بووە و تەواوی ئەو یەکانەی تریش کە بەشداربوون تێیدا سوڵتان لێیان بەرپرس بووە.
قۆناغی دووەم: لە 22ی ئادار دەستیپێکرد و لە 1ی نیسان کۆتایی پێهات و تێکڕای ناوچە و گوندەکانی قەرەداغی گرتەوە و ئەم قۆناغە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی لیوا روکن (ئەیاد خەلیل زەکی) بوو، کە ئەوکاتە بەرپرسی فەیلەقی دووی سوپای عیراق بووە و تەواوی یەکە بەشداربووەکانی تر، لەژێر چاودێریی و بڕیاری ئەودا بووە.
قۆناغی سێیەم: لە 7ی نیسان تا 20ی نیسانی خایاندووە و بە یەکێک لە قۆناغە سەختەکانی تاوانەکە ئەژمار دەکرێ و زۆرترین قوربانی لێکەوتوەتەوە و تەواوی ناوچەی گەرمیانی گرتووەتەوە، بە گوندەکانی سەر بە پارێزگای کەرکوک و شارەکانی کەلار و کفری و چەمچەماڵ و دەربەندیخان و خورماتوو لەگەڵ تەواوی شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئەم قۆناغەی تاوانەکە زۆرترین یەکە و هێزی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و گاردی کۆماری و حزبی، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی (عەلی حەسەن مەجید) ئەنجامدرا، ئەو کاتە بەرپرسی راستەوخۆی هەموو کوردستانیش بوو.
قۆناغی چوارەم: لە 3ی ئایار تا 8ی ئایاری خایاند، پانتایی جوگرافی ئەنجامدانی تاوانەکە (دۆڵی زێی خواروو) بوو، وەک: ئاغجەلەر، گۆپتەپە، عەسکەر، شێخ بزێنی، کۆیە، خەلەکان و دوکان و گوندەکانی دەوروبەریان، جگە لە بێسەروشوێنکردنی دانیشتووانەکانیان، چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی تێدا بەکارهێنرا، بە تایبەت لە (گۆپتەپە و عەسکەر)، ئەم قۆناغەش لەلایەن فەریق روکن سوڵتان هاشم ئەحمەد و لەژێر چاودێریی عەلی حەسەن مەجید جێبەجێکرا.
قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم: لە 5ی ئایار تا 26ی ئایاری خایاند و ناوچەکانی (بالیسان، شەقڵاوە، هیران، نازەنین، سماقولی، دۆڵی ئالانە، رواندوز، چۆمان، قەندیل، رانیە، چوارقوڕنە، هیزۆپ، باواجی، دیبەگە، پردێ) بە تەواوی گرتەوە، بە هەموو گوندنشینەکانیانەوە.
قۆناغی هەشتەم و کۆتایی: لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی خایاند و تەواوی سنووری بادینان و پارێزگای دهۆک و شار و شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەریانی گرتەوە، کاتێک قۆناغی هەشتەم و کۆتایی تاوانەکە ئەنجامدرا، جەنگی نێوان (عیراق – ئێران) راوەستا بوو. رژێمی بەعس ئەمەی بە دەرفەت زانی و تەواوی سنووری بادینان و دهۆکی بە یەک پلان و نەخشە و قۆناغ کردە ئامانج و زۆرترین هێزەکانی تێدا بەکارهێناوە، تا ئاستی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیش.
کۆتایی: کۆکردنەوەی تەواوی دانیشتووانی هەر هەشت قۆناغەکە و کۆمەڵکوژکردنیان لە سەدان گۆڕی بە کۆمەڵدا، بەڵگەی سەلماندنی دڕندەیی رژێمی بەعس و نەخشەی سڕینەوە و لەناوبردنی کورد و کوردستانە، روونیشە لە دوای روخانی بەعس لە 2003 و پێکهێنانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق، دۆسێی تاوانەکانی ئەنفال دوای زۆرترین پرۆسەی دادگایی و بەشداریی شایەتحاڵ و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە و نزیکەی 63 دانیشتن، وەک (تاوانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆیی، تاوانی جەنگ) بڕیاری لەبارەوە درا، بەڵام تائێستا دەوڵەتی عیراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانە مرۆیی و ماددییەکان و بڕیاری ناساندنی تاوانەکە وەک خۆی ماوەتەوە و زۆر لایەن و رەهەندی دیکەی هەیە، پێویستی بە هەڵدانەوە و کار لەسەرکردنە.
