هەژار ئەو کۆرپەیەی لە زینداندا بە بەرد ناوکی بڕدرا…

هەژار غازی عەزیز یەکێکە لەو منداڵانەی کە چیرۆکی هاتنی بۆ ئەم دنیایە، یەکێکە لە تراژیدیترین و لە هەمان کاتدا مرۆییترین چیرۆکەکانی زیندانی (دبس) لە ساڵی ١٩٨٨. هەژار دەیەوێت بە دوای ئەو مرۆڤەدا بگەڕێت کە لە ناو تاریکیی بەعسدا، تیشکێکی میهرەبانیی پێ بەخشیون.

هەژار لە ١٤ی نیساندا کە بە ڕۆژی ئەنفال دەناسرێت، لە ناو گۆڕستانی ئەنفالدا لە قەزای چەمچەماڵ سەر بە ئیدارەی گەرمیان بەسەرهاتەکانی خۆی بۆ دەگێرێتەوە.

ئەو وتی: “من هەژارم، یەکێکم لەو منداڵانەی کەلەمەرگەساتی ئەنفالدا لەزیندانەکانی بەعس دا لەدایکبووم دیارە ئەوەی کە دایکم بۆی گێڕاومەتەوە ئەوکاتەی کە پرۆسەی ئەنفال بەسەر گەلی کورد هات بەسەر گوندەکەی ئێمەشدا دێ لە گەرمیان و سەرجەم دانیشتووانی گوندەکەمان ڕاپێچ دەکرێ بۆ خوارووی عێراق. دیارە لەو کاتەدا دایکم بە من دووگیان دەبێ لە ٢٩ی نیسانی ١٩٨٨دا، لە ناو قەرەباڵغی و سەرمای تاقەتپڕوکێنی زیندانی (دبس) لەدایکبووم”.

دەشڵێت: “دایکم بۆی گێڕامەوە، کە ئێمەیان چۆن لە گوندەکەمان ڕاپێچی خوارووی عێراق کرد سەرەتا لە ناو هۆڵێکی پڕ لە مرۆڤدا کە ٣٥٠ کەسی تێدا بوو، بە بێ هیچ پێداویستییەکی پزیشکی و تەندروستی لەسەر چیمەنتۆیەکی سارد کاتی منداڵبوونی بەسەردا هاتووە زۆر تکا دەکەن لە پاسەوانەکان کە دایکم بگەیەننە نەخۆشخانە، بەڵام قبوڵی ناکەن خوشکەکەم زۆر دەگەڕی بەدوای پارچە قوماشێکدا کۆڵوانەیەکی لە پیرەژنێک وەرگرتووە تا بە بەشێکی دایکم لەسەری دابنیشێ و بەشێکیشی کە لەدایک دەبم منی پێ بپێچنەوە. جارێکی تر لەبەردەم پاسەوانەکان تکا دەکەن داوای گوێزانێکیان لێ کردوون بۆ بڕینی ناوکم، بێبەزەییانە ڕەتیان کردووەتەوە بۆیە ناچاری و پاش ماوەیەک بەبەرد ناوکی من دەبڕن”.

هەژار غازی عەزیز وتیشی: “پاسەوانێک کە لەنەتەوەی تورکمان بوو کە بە زۆرەملێ کرابووە سەرباز، بە بینینی هەموو ئافرەت و منداڵەکان کە بەو شێوەیە ئەشکەنجە دەدرێن زۆر خەمبار بووە و هەر ئەو بوو داوای لە دایکم کرد کە ئەگەر منداڵەکە هاتە دنیاوە و لەژیاندا ما ناوی بنێن هەژار’ دایکم بۆی گێڕامەوە کە ئەگەری زیندووبوونی منداڵێکی وا زۆر ئەستەم بووە.

وتیشی: “پەیامی من ئەوەیە لەڕێگەی ئێوەوە ئەگەر ئەو سەربازە تورکمانە لەژیاندا ماوە بۆ ئەوەی بیبینینەوە و سوپاسگوزاری بین کە لەو ڕۆژەدا کە سەربازێک سۆزی بەرامبەر بە میلەتێک کە میلەتی کوردە هەبووبێ زۆر جێگای ڕێز و پێزانینە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە