وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستن بە هاوردە، نرخی تەماتە زۆر گران بووە و دەشڵێت: بە هاتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لەکۆتایی مانگی نیسان، نرخی تەماتە دابەزێت.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لە ماوەی مانگی نیساندا نرخی (جوملە) کۆی تەماتە هەر كیلۆیەك لەنێوان 1750 بۆ 2250 دیناری عێراقی بووە، هەروەها نرخی (موفرەد) تاکیش لەنێوان 2000 بۆ 2500 دینار بووە بۆ هەر کیلۆیەک.”
ئاشكراشی كردووە، هۆکاری پشت گرانبوونی نرخی تەماتە لە عێراق بۆ “نەبوونی بەرهەمی ناوخۆیی و پشتبەستن بە هاوردە دەگەڕێتەوە”.
دەشڵێت: “بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ پچڕانی دەروازە سنوورییەکان دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی کەمی و گرانبوونی نرخەکان و جێگرەوەکانی تورکیا و ئوردنیش بە گران ماونەتەوە.”
جەختی كردووەتەوە، كە پێشبینی دەکرێت بە هاتنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لەکۆتایی مانگی نیسان، نرخی تەماتە دابەزێت، هاوکات نرخی بەرهەمەکانی دیکەش بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەوپێیەی بەرهەمی ناوخۆیی دێتەبەر.
