سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، لە خەمی قووڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان تێدەگەین و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە خەم و ئازارەکان بگۆڕێت بۆ هیوا و بونیادنانی ژیانێکی نوێ.
ئەمڕۆ سێشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لە ساڵیادی ئەنفالدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زامە قووڵەکانمان هەمیشە هانمان دەدەن بە وەفادارییەوە، خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین.
وتیشی: “تاوان و مەرامەکان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان بەشێکن لە مێژوویەکی تاڵ، بەڵام ورەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزیی ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوونمان کە قەت هیچ هێزێک نەیتوانیوە لەناوی بەرێت”.
سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند، “تاوان و کارەساتی ئەنفال کە جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو، برینێکی گەورەی سەر دڵمانە، ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا رادەوەستین و دەست لەسەر سنگ یادی لەدەستدانی ئازیزانمان دەکەینەوە”.
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “لەم ڕۆژەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە خەمی قووڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان تێدەگەین و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە خەم و ئازارەکان بگۆڕێت بۆ هیوا و بونیادنانی ژیانێکی نوێ کە ئەمەش بە برایەتی و پێکەوەییمان دەبێت تاوەکو پێکەوە کاربکەین و هەنگاوبنێین بۆ خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان”.
