ئەمشەو یان سبەی؛ گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان بەڕێوەدەچێت.
گەڕی نوێی دانووستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە پاکستان دەستیپێکرد و ئاژانسی “تەسنیم”یش ئاماژە بە ئەگەری کۆبوونەوەی دیکە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، یەکەمین گەڕی دانووستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەستیپێکرد، ئەمەش دوای ماوەیەک لە گرژیی توند لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی هەواڵیی “تەسنیم”ی ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانووستانکاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە: “پێشبینی دەکرێت ئەمشەو یان سبەی یەکشەممە، گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لە نێوان هەردوولادا ئەنجام بدرێت بۆ قووڵبوونەوە لە وردەکارییەکان.”
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرەڕای دەستپێکردنی گفتوگۆکان، هێشتا ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولادا هەیە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “کردنەوەی گەرووی هورمز و دابینکردنی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکان” خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانە و تا ئێستا لێکتێگەیشتنی کۆتایی لەو بارەیەوە بەدەست نەهاتووە.
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی هەستیاردا دەژی و چاوی بازاڕەکانی وزە و وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەی پاکستانە.
