ترەمپ: شوێنی مینەکان لە گەرووی هورمز دەزانین

ترەمپ: شوێنی مینەکان لە گەرووی هورمز دەزانین و پرۆسەی پاککردنەوەمان دەستپێکردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان شوێنی ئەو مینانە دەزانێت کە لە گەرووی هورمز چێندراون، و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی خەریکی گواستنەوەی ئامێری تایبەتە بۆ لادانیان.

ترەمپ ڕوونی کردەوە: “ئێمە دەزانین لە کوێ چێندراون،” ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن پێشکەوتووترین ئامێری مینکێشی لە جیهاندا هەیە و ئێستا کار دەکات بۆ گەیاندنیان بۆ شوێنی مەبەست.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە سوپای ئەمریکا دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی گەرووەکە کردووە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریاوانی لەم ڕێڕەوە ستراتیژییەی وزەی جیهانیدا.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمزی دەستپێکردووە و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە هەموو ئەو بەلەمە ئێرانییانەی مینیان دادەنا “ئێستا لە قووڵایی دەریادان.”

سەبارەت بە هەواڵی بوونی کەشتییە جەنگییەکان، پێگەی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، کە چەند کەشتییەک بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، بەڵام تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سەربازییەوە ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە.

لە لایەکی ترەوە، ترەمپ جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ جووڵە ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران ئەنجامی ئەرێنییان نەبێت و وتی: “ئەگەر ئەم وتووێژانە بە باشی بەڕێوە نەچن، بارودۆخەکە ڕێکدەخەینەوە. ئێمە ئامادەین بۆ کاردانەوە.”

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی وتووێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە “ئیسلام ئاباد”ی پایتەختی پاکستان، لە ژێر سایەی ئاگربەستێکی لەرزۆک و مەترسییەکانی کاریگەریی گرژییەکان لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە