سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە بڕیارە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەشی بکات، دەڵێت بە بێ ئاگربەست لە لوبنان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێناکات.
ئەمڕۆ هەینی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا دوو خاڵی سەرەکی لە ڕێککەوتنە بەراییەکانی ئاگربەست جێبەجێ نەکراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنی خولی نوێی دانوستانەکان.
قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە کە دوو مەرجی سەرەکی هەن کە پێویستە پێش هەر گفتوگۆیەک جێبەجێ بکرێن کە ئەوانیش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانن لە دەرەوە.
سەرۆکی پەرلەمان دووپاتی کردەوە کە دەبێت ئەم دوو خاڵە پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم ڕێکارانە وەک بەشێک لەو پابەندییانە دەبینرێن کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتبوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، بەرەو پاکستان بەڕێکەوتووە.
