“قۆناغێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەستپێدەکات”

ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکی تونددا هۆشداری دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند کە تاران چیتر لە بەرامبەر هێرشەکان بێدەنگ نابێت و گۆڕانکاری بەسەر شێوازی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا دێت.

ئەمڕۆ هەینی، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا و “قەوارەی زایۆنی” لە پێگەیەکدا نین هەڕەشە لە گەل و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بکەن. ناوبراو وتی: “پێویستە ترەمپ و ناتانیاهو پێداچوونەوە بەو شکستە سەرشۆڕکەرانەدا بکەنەوە کە لە ڕابردوودا لەبەردەم گورزە تێکشکێنەرەکانی ئێراندا تووشی بوون.”

جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەستپێشخەری کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەپارێزێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی نابێت و وتیشی: “ئێمە دەستدرێژکاران بێ سزا جێناهێڵین و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەخەینە قۆناغێکی نوێوە”.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، زولفەقاری هۆشداری دا کە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و گەلی لوبنان، بەتایبەت لە ناوچەی “زاحیەی بەیرووت” بەردەوام بن، ئەوا ئێران بە وەڵامێکی “سەخت و بەئازار” بەرپەرچیان دەداتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، داوای لە گەلی ئێران کرد کە وشیار بن لە ئاست پیلان و فیتنەکانی دوژمن بۆ تێکدانی یەکڕیزی و داوای کرد بە شێوەیەکی بوێرانە و یەکگرتوو لە مەیدانەکاندا ئامادەییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە