وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوێنێ شەو تیرۆریستان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و درۆنەکانیش تێکشکێندراون.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە پاڵپشتیکردن لە ئاشتی و سەقامگیریی بووە و بەشێک نەبووە و نابێت لە شەڕ و گرژی، و سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکە، دوێنێ شەو لە چەند کاتێکی جیاوازدا چەند هێرشێکی درۆنی کراونەتە سەر شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان.
ڕوونیشیکردەوە کە درۆنەکان تێکشکێندراون و کەوتوون.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکەیان دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیرۆیست و خراپەکاران کە چاویان بە ئارامی و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان هەڵنایە، لە نانەوەی پشێووی بەردەوامن.
دووپاتیشیکردەوە کە “جەخت لە پشتگیری ئاشتی و ئۆقرەیی دەکەین و داوا لەهەموو لایەک دەکەین کە ئەو هێرشانە رابگرن و چیتر سەقامگیری و ئۆقرەیی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان نەکەنە ئامانج”.
