یەکێتی مامۆستایان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن دەكات و پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیار دەدەن

یەکێتی مامۆستایانی كوردستان داوای دەستپێکردنەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەکان دەكات و وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵاش بڕیارە كۆببنەوە و بڕیاری كۆتایی بەپێی دۆخەكە بدەن

لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، خوێندن لە هەرێمی کوردستان راگیرا. 29ـی ئادار بڕیاردرا ئامادەبوون لەنێو پۆلەکان رابگیرێت و پڕۆسەی خوێندن تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.

دوێنێ چوار شەممە 8ـی نیسان، ئەمریکا و ئێران رایانگەیاند، بۆ ماوەی دوو هەفتە جەنگ رادەگرن و دەست بە گفتوگۆ دەکەن.

عەبدولواحید ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاندووە “سەرەتاش جەختمان کردووەتەوە، کە خوێندنی نێو پۆل باشترین بژارەیە و بۆ ئێستاش هەمان هەڵوێستمان هەیە و ئێستا کە دۆخەکە هێور بووتەوە و ئاگربەست راگەیەندراوە، پێمانباشە خوێندن بە ئامادەبوون لە پۆلەکان دەستپێبکاتەوە”.

هەرچەندە بڕیار بوو دوێنێ‌ هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كۆببنەوە و بڕیار لە پڕۆسەی خوێندن و دەستپێكردنەوەی خوێندنی ناو پۆل بدەن، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو وەزارەتە هیچ بڕیارێكیان تاكو ئێستا ڕانەگەیاندووە و پێدەچێت تاوەکو یەک شەممە بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “تاوەکو ئەمڕۆ بڕیار لە دەستپێکردنەوەی خوێندنی بەشێوەی ئامادەبوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان نەدراوە”.

لای خۆشیانەوە، بەشێك لە میدیاكانی یەكێتی بڵاویانكردەوە، هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانە و زانکۆکان دەستپێدەکاتەوە و خوێندنی ئۆنڵاین کۆتایی پێ دێت.

ئاماژەیان بەوەشداوە، شەوی رابردوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا کراوە و بڕیاری دەستپێکردنەوەی خوێندن دراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ میدیای یەكێتی، “لە سەرەتای هەفتەی داهاتووە پڕۆسەی خوێندن ئاسایی دەبێتەوە و تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیان و لەناو قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێن”.

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە