spot_imgspot_img

منداڵ وەک قوربانییەکی بێدەنگی جەنگ (لەفەلسەفەی کلاسیکەوە بۆ مۆدێرنە)

د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی

پرسی ‘جەنگ و منداڵ’ یەکێکە لە تراژیدیترین و قووڵترین پرسە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، بەو پێیەی کە منداڵ و جیهانەکەی هی دونیای جەنگ و ئاژاوەو وێرانکارییەکان نییە، منداڵان هەردەم توێژێکی سوتاوی ناو ململانێ چەکدارییەکان و قوربانییەکی بێدەنگی نێوجەنگەکانن.

​لەم وتارەدا پەیوەندی و کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر منداڵ لە دیدی فەلسەفەو ئەخلاق و مافی مرۆڤەوە دەخەینە بەرباس:

​یەکەم: ئەفلاتوون: ئەفلاتوون لە کتێبی “کۆمار” (The Republic) دا، دیدگایەکی داڕشتووە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی نموونەیی (Utopia). لەم دەوڵەتەدا، “جەنگ” وەک پێویستییەک و “منداڵ” وەک بونیادنەری ئەو هێزەی کە دەوڵەت دەپارێزێت، باس لێوەدەکات.

​لە ڕوانگەی ئەفلاتوونەوە پەیوەندی جەنگ و مرۆڤ و کۆمەڵگاکەی، بە (سێ خاڵ کورتی دەکەینەوە):

​١/ جەنگ وەک دەرکەوتەی ئارەزووە بەرلێنەگیراوەکانی مرۆڤ

​ئەفلاتوون پێیوایە مرۆڤ بۆخۆی سروشتێکی چاوچنۆکی تێدایە، خودی جەنگیش دەرهاویشتەی ئەو سروشتەیەتی، خراپەو جەنگەکانی لەوێوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەت کاتێک مرۆڤ وەک خۆی و وەک کۆمەڵگەکەی، لە قۆناغی “پێویستییە سەرەتاییەکان” تێدەپەڕن و دەچنە قۆناغی ) تێری و خۆشگوزەرانی) کە لێرەدا  حەزی زیادەڕۆیی و سنووربەزاندن و چاوچنۆکی تیایاندا دەرکەوت دەبێت. کاتێک ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات و حەزی موڵکو ماڵ و بەرژەوەندی زیاتردابڕین بۆخۆ، وادەکات لە خەڵک کە داوای زەوی و سامانی زیاتر بکەن، لێرەوە پێویستی و حەز سەردەکێشێت بۆ پەلاماردانی زەوی دراوسێیەکانیان ؛ ئیتر جەنگ دروستدەبێت. هەر بۆیە، خەڵک و کۆمەڵگە (دەوڵەت) پێویستی بە چینێکی تایبەت هەیە بۆ بەرگریکردن کە ناویان دەنێت “پاسەوانەکان” (Guardians).لێرەوە منداڵ وەک “تۆوی” پاسەوان و ئەوچینە پارێزەرو بەرگریکارە دەبینێت کە دەتوانن دەولەت و کۆمەڵگە بپارێزن لەدەست هێرشکارو چاوچنۆکان. هەر بۆیە ئەفلاتوون گرنگییەکی تەواو بە پەروەردەی منداڵ دەدات. لای ئەو، منداڵانی چینی پاسەوان دەبێت لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە بۆ جەنگ ئامادە بکرێن، بەم شێوازانە:

​ا/ بینینی جەنگ لە نزیکەوە: ئەفلاتوون پێشنیاردەکات کە منداڵانی پاسەوانەکان ببرێن بۆ مەیدانی جەنگ (وەک بینەر)، تاوەکو لە نزیکەوە مەترسییەکان ببینن و فێری ئازایەتی ببن. ئەو دەڵێت دەبێت لەسەر ئەسپ بن تا لە کاتی مەترسیدا بتوانن بە خێرایی ڕابکەن، بەڵام بینینی خوێن و ململانێ بە بەشێک لە “پڕۆگرامی خوێندن”یان دادەنێت.

​ب/ پەروەردەی ڕۆحی (مۆسیقا و ئەدەب): بۆ ئەوەی منداڵەکە نەبێتە دڕندە، ئەفلاتوون دەڵێت تەنها مەشقی سەربازی بەس نییە لە پەروەردەی ئەومنداڵانەدا، بەڵکو دەبێت “مۆسیقا” و “شیعر”یشیان پێ بگوترێتەوە تا ڕۆحیان نەرم بێتەوە و تەنها بەرامبەر دوژمن توند بن، نەک بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆیان.

​ج/ سانسۆرکردنی چیرۆکەکان: ئەفلاتوون داوا دەکات ئەو چیرۆک و ئەفسانانەی باس لە ترس لە مردن یان گریانی پاڵەوانەکان دەکەن بۆ منداڵان نەگێڕدرێنەوە، چونکە منداڵ دەبێت فێر بێت کە “کۆیلایەتی لە مردن خراپترە”.

​٢/ هاوسەنگی لە نێوان “توندتیژی” و “دانایی”

​ئەفلاتوون منداڵ بە سەگی ڕاوکەران دەچوێنێت؛ دەبێت بەرامبەر نەیار توند و دڕ بێت، بەڵام بەرامبەر خاوەنەکەی (هاوڵاتیان) دڵسۆز و میهرەبان. ئەم هاوسەنگییە لە ڕێگەی سیستمێکی پەروەردەیی تۆکمەوە دروست دەبێت کە لە منداڵییەوە دەست پێ دەکات.

​٣/  جەنگ وەک ئەرکێکی ئەخلاقی بۆ منداڵ

​لە فەلسەفەی ئەفلاتووندا، منداڵ تەنها خاوەن ماف نییە، بەڵکو ئامرازێکی پیرۆزە بۆ پاراستنی دادپەروەری لە دەوڵەتدا. ئەو پێی وایە ئەگەر منداڵ لە منداڵییەوە فێری دیسپلینی جەنگ نەبێت، ناتوانێت لە گەورەییدا ببێتە پاسەوانێکی باش و ڕاستەقینەو بەرگریکارێکی کۆمار.

دووەم: (ئیمانوێل کانت (Immanuel Kant)):

کانت بە پێچەوانەی ئەفلاتوون دەڕوانێتە ئەم پرسە، بەتایبەتی لەوەی کە ئەفلاتون جەنگی وەک ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەوڵەت دەبینی، بۆیە گۆشەنیگایەکی تەواو جیاوازی هەیە، بەوەی لەسەر بنەمای ئەخلاق و یاسای نێودەوڵەتی سەیری بابەتەکە دەکات، کە دیدگاکەی ئەو لەم خاڵانەدا کورت دەکەینەوە:

​١/ ڕوانین بۆ منداڵ وەک “ئامانج” نەک “ئامراز”

​ناوەڕۆکی فەلسەفەی ئەخلاقی کانت لەسەر ئەو بنەمایەیە کە هەرگیز مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە مەبەستێک بەکارناهێنرێت، بەڵکو هەمیشە وەک ئامانجێک دەبێت چاوی لێبکرێت. لێرەوە کانت جەنگ پێچەوانەی ئەم پرانسیپە دەبینێت، چونکە پێی وایە جەنگ مرۆڤەکان (بەتایبەت منداڵ و مێرد منداڵان) دەکاتە ئامراز و ئامێری کوشتن بۆ بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران. ئەمەش سووکایەتییە بە کەرامەتی مرۆیی.

​ کانت لە کتێبی “دەربارەی پەروەردە” (On Education) دەڵێت؛ منداڵ نابێت تەنها بۆ ئێستا  پەروەردەبکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ داهاتوویەکی باشتر و مرۆییتر پەروەردەبکرێت. جەنگ ئەم پرۆسەیە تێکدەدات و منداڵ لە گەشە دەوەستێنێت.

​٢/ جەنگ وەک “دۆخی سروشتی” بەرامبەر “ئاشتیی هەمیشەیی”

​کانت لە کتێبەکەی “بەرەو ئاشتیی هەمیشەیی” (Perpetual Peace) باس لەوە دەکات کە جەنگ دیاردەیەکی کێوی و نادروستە. ئەو پێیوایە جەنگ مافی ژیان لە منداڵ زەوتدەکات، کاتێک منداڵێک لە ژینگەی جەنگدا گەورە دەبێت، فێری “یاسای دارستان” دەبێت نەک یاسای ئەخلاق.

​لێرەوە کانت داوای دروستکردنی هاودەنگی گەلان دەکات کە بەرگیربن لەبەردەم جەنگ و نەمێنێت، چونکە جەنگ نەک هەر نەوەی ئێستا، بەڵکو مافی نەوەکانی داهاتووش (منداڵان) پێشێل دەکات بەوەی ئافات و قڕی و وێرانییان بۆ بەجێسدەهێڵێت.

​٣/ ئەرکی دەوڵەت بەرامبەر منداڵ، لای کانت، دەوڵەت بەرپرسیارە لە پاراستنی مەدەنییەت.

کانت دەڵێت دەبێت منداڵ فێری فام و بەرپرسیارێتی بکرێت، کە ئەمە ئەرکە سەرەکیە ئەخلاقی و پەروەردەییەکەیەتی، بەڵام جەنگ عەقڵ و فام پەکدەخات و تەنها غەریزەی ترس و توندوتیژی دەهێڵێتەوە. هەرلێرەوەیە کانت دژایەتی سەربازیی زۆرەملێ دەکات، ئاشکرا دژی ئەوە بوو کە مرۆڤەکان ناچار بکرێن بچنە جەنگەوە، چونکە ئەمە نەوەی نوێ (گەنج و منداڵ) دەکاتە سووتەمەنی بۆ ململانێیەک کە خۆیان بڕیاریان لەسەر نەداوە.

سێیەم: مافەکانی مرۆڤی سەردەم و یاسای نێودەوڵەتییەکان.

لە دیدی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانی ئەمڕۆوە،  پەیوەندی نێوان جەنگ و منداڵ چیتر وەک ناچارییەکی سیاسی (وەک ئەفلاتوون دەیگوت) یان تەنها خەونێکی ئەخلاقی (وەک کانت دەیگوت) چاوی لێناکرێت، بەڵکو وەک تاوانی جەنگو پێشێلکارییەکی گەورەی یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

​ئەمڕۆ ئەم پەیوەندییە لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی ڕاگیراوە:

​١. پاراستنی تایبەت (تێپەڕاندنی چەمکی جەنگاوەر)

​بەپێی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ (١٩٨٩) و پڕۆتۆکۆڵە زیادکراوەکانی جنێف، منداڵان لە کاتی جەنگدا خاوەنی پارێزگاریی دوولایەنەن، لایەک وەک کەسی مەدەنی، نابێت ببنە ئامانجی هیچ هێرشێک لێرەوە قەدەغەیە بەکارهێنانی منداڵ وەک سەرباز (Child Soldiers. لایەکیش وەک منداڵ، کەدەبێت لە لایەن شەڕکەرەکانەوە پارێزگاریی تایبەتیان لێبکرێت، لەوانە دابینکردنی خواردن، دەرمان و دەرفەتی خوێندن تەنانەت لە ناو جەنگیشدا.

​٢.  شەش پێشێلکارییە گەورەکە (The Six Grave Violations)

​نەتەوە یەکگرتووەکان شەش خاڵی دیاری کردووە کە لە کاتی جەنگدا بەرامبەر منداڵان ئەنجام دەدرێن و وەک هێڵی سوور دەبینرێن ئەوانیش: کوشتن و کەمئەندامکردنی منداڵان، بەکارهێنان و ڕاکێشانی منداڵ بۆ ناو هێزە چەکدارەکان، دەستدرێژیی سێکسى و توندوتیژی، ڕفاندنی منداڵان، هێرشکردنە سەر قوتابخانە و نەخۆشخانەکان، ڕێگریگرتن لە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ منداڵان.

​٣. مافی “ژیانەوە” و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا

​لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نوێوە، پەیوەندی منداڵ و جەنگ تەنها لە کاتی شەڕدا کۆتایی نایەت، بەڵکو مافی چاکسازی (Rehabilitation)یان هەیە، بەوەی دەوڵەتان پابەنددەکرێن بەوەی ئەو منداڵانەی لە ناو جەنگ بوون، چارەسەری دەروونی و جەستەییان بۆ بکەن و دووبارە تێکەڵی کۆمەڵگایان بکەنەوە.

​پاشان بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆیان مسۆگەربکرێت، کاتێک جەنگ وەک هۆکارێک بۆ ئاوارەبوون دەبینرێت، کە مافی پەنابەری بۆ منداڵان دەستەبەر دەکات بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

​دواجار دەڵێین: ئەگەر جاران جەنگ وەک چارەنووس بۆ منداڵ دەبینرا، ئەمڕۆ وەک “پێشێلکردنی ماف” دەبینرێت. لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە، منداڵ تەنها قوربانیی جەنگ نییە، بەڵکو خاوەن مافەو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لێی.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە