دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی “هێزی سەربازیی پتەو لە ناوخۆی ئێران و دەوروبەریدا تا کاتی جێبەجێکردنی تەواوەتی” ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە، و هۆشداریشی دا لە وەڵامێکی سەربازیی بەرفراوان لە ئەگەری پابەند نەبووندا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکەیەوە “ترووس سۆشیاڵ” ڕوونی کردەوە کە تەواوی کەشتی و فڕۆکە و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەگەڵ بڕێکی زیاتری تەقەمەنی و چەک، “لە شوێنەکانی خۆیان لە ناوخۆی ئێران و دەوروبەری دەمێننەوە، تا ئەو کاتەی پابەندبوونی تەواو بەو ڕێککەوتنە ڕاستەقینەیەی کە پێی گەیشتوون، بەدی دێت.”
هەروەها وتی: “ئەگەر بە هەر هۆکارێک بێت ئەوە ڕووی نەدا، کە ئەمەش ئەگەرێکی زۆر دوورە، ئەوا ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان بە شێوەیەکی گەورەتر و باشتر و بەهێزتر لەوەی کە پێشتر بنیراوە، دەست پێدەکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “لە مێژە” لەسەر نەبوونی چەکی ئەتۆمی ڕێککەوتوون، سەرەڕای لێدوانە چەواشەکارییەکان.
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئێران “هیچ چەکێکی ئەتۆمی نابێت و گەرووی هورمز بە کراوەیی و سەلامەتی دەمێنێتەوە.”
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیریی پاکستان، ئاگربەستێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ ڕاگرتنی ئەو جەنگەی کە واشنتۆن و تەلئەبیب لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە دژی تاران دەستیان پێکرد.
بڕیارە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکانیان بکەن لەو دانوستانەی کە سبەینێ هەینی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێدەکات.
