spot_imgspot_img

هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكی دیكەیان ئەنجامدا

 

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، شاندی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم كۆبوونەتەوە و ڕێككەوتوون لەسەربە دروستكردنی تیمی تایبەت و زیادكردنی زمانی كوردی بۆ سیستمی ئەسیكۆدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تەكنیكی كرد، تایبەت بە جێبەجێكردنی سیستەمی (ئیسكۆدا)و یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

ئەوانەی لەم كۆبوونەوەیەدا بەشداربوون بریتی بوون لە:

– وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان.
– بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگە فیدراڵییەكان
– بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەرەكەی
– راوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان
– بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە دەستەی گشتی گومرگە فیدراڵییەكان
– تیمی شارەزایانی ئۆنكتاد-ی نێودەوڵەتی

ئەم كۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی رەشنوسی رێككەوتنی جێبەجێكردنی پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی گومرگی (ئەسكیۆدا) بوو لە هەرێمی كوردستان، ئەمە بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆبوونەوەی 6ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی عێراق، لە كۆبوونەوەكەدا تەیف سامی جەختی كردوەوە لەسەر پێویستیی رەچاوكردنی یاساكان لەناو سیستەمی (ئەسكیۆدا)و دەستنیشانكردنی سەرجەم بەریەككەوتنە یاساییەكان لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی هەماهەنگی بكرێت و رەزامەنی فەرمییان لەبارەوە وەربگیرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن كراوە لەبارەی ئەوەی “لەلایەن كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانەوە لە هەرێمی كوردستان، تیمێكی ئەسكیۆدا تایبەت بە هەرێم دروستبكرێت و ببێت بە بەشێك لە تیمی نیشتمانی، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەرلایەك بە وردی دیاری بكرێت و گەرەنتی ئەوە بكرێت كارەكان بەبێ كێشە بەڕێوەبچن”.

بەمەبەستی بەرزکردنەوەی لایەنە تەکنیکیەکان، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی داوە، شانبەشانی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی، رووکارێکی زمانی کوردی لەناو سیستەمەکەدا دابنرێت، بۆ دڵنیابوون لە ئاسانکاری بەکارهێنان.

هەروەها رێککەوتنەکە دەستپێکردنی بەرنامەیەکی ڕاهێنانی گشتگیر لەخۆدەگرێت کە تیایدا تیمی نیشتمانی؛ راهێنان بەو کارمەندانە دەکات کە سیستەمەکە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبەن، ئەمەش کارایی تەکنیکی باشتر دەکات و رێکارە ئیدارییەكان لە سەرجەم دەروازە سنورییەکان، ستاندارد دەکات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە