هاتووچۆی سلێمانی دوای هەڵوەشاندنەوەی پشووی سبەینێ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕایدەگەیەنێت، “کاتژمێر 7ی ئێوارە بەشی مۆڵەت چالاک دەکرێت و دەتوانن نۆرە بگرن بۆ سبەینێ”.
بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ رۆژی پێنج شەممە ۹/٤/۲٠۲٦ دەوامی فەرمی دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی.
بەشی مۆڵەت ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکات کە “دەیانەوێت سبەینێ سەردانی بەشەکە بکەن، ئەمڕۆ چوار شەممە کاتژمێر (۷) ی ئێوارە ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی ـ بەشی نۆرەگرتن بۆ سەردانیکردنی بەشی مۆڵەت چالاک دەکرێت و دەتوانن نۆرە بگرن بۆ سبەینێ پێنج شەممە بەمەبەستی ڕایی کردنی مامەڵەکانیان”.
بەپێی خشتەی پشووەكانی حكومەتی هەرێم هەموو ساڵێك 9ی نیسان بەبۆنەی ڕووخانی ڕژێمی بەعس-ەوە پشووە، بەڵام ئەمڕۆ سەرباری ڕاگەیاندنی پشووەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا و دەڵێت: دەوام ئاساییە.
