جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەشی چاودێریی چڕ لە تەندروستیی هەڵەبجە دەکەینەوە و کار دەکەین بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڵاویكردەوە، لە سەردانمدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە و کۆبوونەوەم لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی ئیداریی پارێزگاکە، پشتیوانیی خۆمان بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و گەشتوکاڵ دەربڕی.
دەشڵێت: داوامانکرد پلانێک ئامادە بکەن بۆ فراوانکردن و بە نێودەوڵەتییکردنی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، چونکە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ گەشەپێدانی هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریی لە دەڤەرەکەدا.
ئاشكراشی كرد، بڕیاریشماندا بە جێبەجێکردنی بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی دامودەزگا ئیدارییەکانی سنوورەکە بۆ ئەوەی بتوانن باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. هەروەها کارئاسانیی زیاتر پێشکەش بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکەین و کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە باشتر دەکەین.




