spot_imgspot_img

سەرۆک ئاوا دەبێت!

عەبدولواحێد محەمەد  – نووسەر

جاسم عەزاوی سکرتێری زەعیم عەبدولکەریم قاسم، یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق، لە بیرەوەریەکانی خۆی، دەگێڕێتەوە، دەڵێت؛ برای گەورەی زەعیم (حاتەم قاسم) بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵەکانی ئیشی سەربەخۆی دەکرد، بۆیە باری ئابووری باش نەبوو، رۆژێک هاتە لای سەرۆک کۆمار، تاوەکو شەکوای حاڵی خراپی خۆی بکات، لە هەمان کاتدا داوای لێبکات کە لای خۆی یان لە شوێنێک دایبمەزرێنت و بیکاتە مووچەخۆر، بەڵکو خۆی و خانەوادەکەی بە باشی ژیان بکەن و چیتر روبەڕوی ناگزوری و نەهامەتی نەبنەوە.

زەعیمی خوالێخۆشبووش وێڕای بەخێرهاتنی فەرموی لێکرد، تاوەکو نیوەڕۆ بەیەکەوە نان بخۆن کە نانەکەش بریتیبوو لە مەرەگەی فاسولیا(یابسە) و نان کە لە چێشتخانەیەکی نزیک لە وەزارەتی دیفاعەوە بۆی هاتبوو، دوای نان خواردنەکە بە دەم چاخواردنەوە، زەعیمی شەهید پێی وت، برام بۆ خۆت کاسبی بکە و خۆت بەڕێوەببە، چونکە من ناتوانم تۆ دابمەزرێنم و خەڵکیتر فەرامۆش بکەم، دەبێ بزانیت من بەرپرسم لە هەموو عێراقیەکان بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە، راستە تۆ برامیت، بەڵام ئەوانی دیکەش باوک و براو کەسوکاری منن، واتە ئەگەر شتێک بۆ تۆ بکەم دەبێ ئەوانیتریش وەکو تۆ بەهرەمەند بن، ئیتر حاتەمی برای لە تەشکی خۆیدا و گەڕایەوە ماڵەوە و ملی بەو کاسبیەوە ناوە کە دەیکرد، تا زەعیمیش شەهید کرا هەر بەردەوامبوو، دوای ئەوەش کە دارودەستەی تازە لە سەرەتاکان دەگەڕان بۆ ئەوەی بزانن چیان هەیە، هیچ موڵک و ماڵ و موچەیەکیان نەدۆزیەوە بە ناوی براکانی و خانەوادەکەیەوە لە ژێر سایەی زەعیمەوە کرابێت.

لە راستیدا سەرۆک ئاوا دەبێت، نەک وەکو ئەو بەرپرسانەی هەرێم کە هەر کاسبیەک دوو قرۆشی تێدا بێت بۆ خۆیان مۆنۆپۆلی بکەن، مخابن ئێستا لە خۆیانیشیان تێپەڕاندووە و دەستی کوڕ و نەوە و دەوروبەر و خزمە نزیکەکانیشیان واڵا کردووە، وای لێهاتوە لەبەر زۆریان دەست بۆ هەموو جومگەیەک ببەن کە پارەی تێدا بێت.

سەیرەکە لەوەدایە بەو هەموو بەشەوەش رازی نین رکابەری یەکتریش دەکەن، لەسەر ئەوەی کامەیان دەسەڵاتی زیاتر بشکێتەوە بەسەر ئەویتر، بۆ ئەوەی گرەو لەسەر بوار و بابەتەکان، سیاسی، سەربازی، بازرگانی، راگەیاندن، ئیتر پێدا بڕۆ تا دەگاتە دوا سکتەر بکەن، گەواهیەکەش دیارە پێویست بە ناوهێنان ناکات، ئەوەتا زۆربەیان دەزگا و دامەزراوەی خێرخوازیان بە پارەی حکومەت و ئەم خەڵکەوە هەیە، لە پاڵ ئەوەدا دەزگای میدیایی زەبەلاحیان هەیە هەر بە پارەی ئەم خەڵکە رەشوڕوتەوە، هاوکات زانکۆ و شاری نیشتەجێبوونی فاخر و پاڵاوگەی نەوت و بڕوانامەی نێودەوڵەتی و ئەستێرەی زۆری سەرشان، لە خانو و باڵەخانەش گەڕێ کە لە زۆربەی شارەکان هەیانە کە رەنگە هەندێکیان تەنها یەک شەو لە ساڵێکدا تێیدا ئۆقرە بگرن، ئەمە لە کاتێکدا هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی حەرەس و حەشەم و خەدەمەوە لە خزمەتدان.

بە راستی ئەو غروری و لوت بەرزیە هەموو هێڵە سورەکانی تێپەڕاندووە، رێک لە سوڵتانی عوسمانیەکان دەچن، پێشموایە چاویان لەوان کردووە، ئەوانیش هەندێکیان باڵەخانەی ٣٦٠ ژوریان هەبوو، بۆ ئەوەی هەر ژورێک لەو ژورانە بە کەنزیک و تەواوی پێداویستیەوە، بۆ حەوانەوەی شەوێک لە ساڵێکدا بێت.

لە پێشدا وتم ئەوانە بە مۆنۆپۆلکردنی ئەو سەروەت و سامانە بێشومارە و بەو هەموو ناز و نیعمەتەوە پێوە دەژین، هێشتان چاودەگێڕن لەوەی چیتر ماوە، بیکەنە پاروەکی ئاسان و قوتی بدەن، بۆیە بەردەوام چاویان لەسەر تەنگژەیە، یا ئەوەتا خۆیان تەنگژەک دروست دەکەن، وەک: لە نەبوونی بەنزینەوە بۆ غاز، لە غازەوە بۆ نەوت، لە نەوتەوە بۆ کارەبا، لە کارەباوە بۆ ئاو، پێدا بڕۆ و بژمێرە لیستەکە درێژەی دەبێتەوە و تەواو نابێت، گرنگ ئەوەیە زۆرترین سامان کەڵەکە بکرێت، ئیتر گەلی بەشمەینەت چۆن دەژیت با بژیت، سەربار و بنباری ئەوانەی باسمان کرد، بینە و نیەی بەردەوامی موچەیە، بە جۆرێک هەتا موچەکت پێدەدەن، سەد ئاهو حەسرەتی پێوە هەڵدەکێشرێت.

دەوجا وەرن بەراورد لە نێوان زەعیمێک بکەن کە ئامادە نەبوو براکەی خۆی دابمەزرێنێت یان موچەیەکی بۆ ببڕتەوە و کەسیش نەیتوانیەوە موڵکییەتی خانوێک یان عەقارێک بە ناوی خۆی و خانەوادەکەیەوە ساغ بکاتەوە، کاتێکیش کە شەهید کرا تەنها یەک دیناری شین و یەک روبعی کەسکی لە گیرفاندا بوو، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کە دەستیان بە هەموو شتێکدا هێناوە و شەریکە بەشی شێرن لەگەڵ تاک بە تاکی ئەم خەڵکە، دڵنیام پێیان کرابا دەستیان بە ئاسمان و هەواشدا دادەهێنا، من دەڵێم هەزار رەحمەتت لێبێت زەعیمی شەهید، ئێوەش بڵێن، دەبێت دوا مەنزلی ئەوانەی هەرێم کام شوێن بێت؟

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە