لەماوەی سێ ھەفتەی ڕابردوودا، حەوت درۆن لە یەک کۆڵانی گەڕەکی کارێزان بەر ماڵی ھاووڵاتییان کەتووە و بەھۆیەوە خێزانەکان ناچاربوونە ماڵەکانییان بەجێبھێڵن و پەنجەرەی خانووەکانیشیان بە نایلۆن داپۆشیووە.
ھێرشەکان ژیانی ڕۆژانەی گەڕەکەکەی پەکخستووە و شەوانە شەقام و کۆڵانەکان بێدەنگی دایدەپۆشێت و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێرەکانی نیوەشەو، ھێرشە درۆنییەکان بۆسەر ھەولێر دەست پێدەکات و لەم ماوەیەش حەوت درۆن بەر ماڵی ھاووڵاتییانی یەک کۆڵانی گەڕەکی کارێزان کەوتووە و خۆشبەختانە تەنیا زیانی ماددیی ھەبووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە حەوتەم درۆن بەر ماڵی ھاووڵاتییەکی مەدەنی کەوت لە کاتێکدا ڕۆژی ھەینی ڕابردوو درۆنێکی دیکە بەر ماڵێکی دراوسێی ھەمان ماڵ کەوت و بەھۆی چۆڵکردنی خانووەکان لە شەوانەدا، تەنیا زیان ی دارایی ھەبووە.
یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی ھێرشە درۆنییەکانەوە، شەوانە ماڵەکان خانووەکانییان چۆڵ دەکەن و بەرەبەیانی ئەمڕۆش بەھۆی چۆڵبوونی ماڵەکانەوە، ھێرشە درۆنییەکە تەنیا زیانی دارایی لێکەوتووەتەوە.
ھاووڵاتیی، ڕۆژمەند حەوێزدەڵێت: “ئەمە حەوتەمین ھێرشی درۆنییە دەکرێتە سەر کۆڵانەکەمان لەماوەی سێ ھەفتەی ڕابردوودا، شەوانە زۆربەی ماڵەکان چۆڵ دەکەن و تەنیا ئەوانە دەمێننەوە کە نەخۆش و بەساڵاچوویان لە ماڵەکاندا ھەیە و ناتوانن لە شوێنێکی دیکە بژین ئەگەرنا ھەموومان چۆڵ دەکەین”.
لەبارەی ئەم خانووەی کە شەوی ڕابردوو ھێرشی درۆنی کراوەتەسەر، ڕۆژمەند حەوێز وتی: “بەڕاستی ھیچ کەسمان فریای چاککردنەوەی ماڵەکانمان ناکەوین، ئەم ماڵەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆش ھێرشی کراوەتەسەر ماڵێکی مەدەنییە و بەھۆی مەترسییەوە بیست ڕۆژ دەبێت ماڵەکەیان چۆڵکردووە و لە شوێنێکی دیکە بە شێوەیەکی کاتیی دەژین”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەسەرەتای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران تا ئێستا ٦٩٣ ھێرش کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆریشیان گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە ئەنجامدانیان لە ئەستۆ گرتووە و دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستانیش، ئێرانی بە چەند ھێرشێکی مووشەکی و درۆنیی تۆمەتبار کردووە.


