شەڕەکەی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، ئابووریی و داراییەوە کاریگەریی زۆری لەسەر عێراق دروست کرد بەجۆرێک تەنھا بەھۆی داخستنی کایە ئاسمانییەکەی لە ماوەی یەک مانگدا، ١٠ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عیراق ئاسمانیی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتەکانی ھاتن و چوون لە فڕۆکەخانەکاندا داخستووە.
ھەریەک لە بەڕێوەبەری ڕوانگەی عێڕاقی و بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای فڵای ئەربیل – ئور ئەیڕڵاین باس لە کاریگەریی و لێکەوتەکانی ڕاگرتنی گەشتەکان دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕۆژانە نزیکەی ٣٦٠ ھەزار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە و لە ناوخۆی ھەرێمیش تەنیا ١٥ ملیار دینار زیانی کرێی و مووچەی کارمەندان بە کۆمپانیاکان و شوێنەکانی فڕۆشتنی تیکتی گەشتیاریی کەوتووە.
لەوبارەیەوە عەلی ناجی، بەڕێوەبەری ڕوانگەی عێراقی لەبارەی زیانی داخستنی ئاسمانیی عێراق بە ڕووی گەشتەکاندا کە بەھۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژبە ئێران دروست بووە وتی: “بەرلەوەی شەڕ لە ناوچەکەدا سەر ھەڵبدات، رۆژانە نزیکەی ٨٠٠ فڕۆکەی ناوخۆیی و بیانی بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبوون، کە ئەوەیش یەکەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا ئەو ڕووبدات”.
عەلی ناجی باسی لەوەش کرد ئەگەری ھەیە دوای کۆتاییھێنانی بەشەڕ لە ناوچەکە، زۆرێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییە بیانییەکان لە ترسی دۆخی ئەمنی، جارێکی دیکە ئاسمانیی عێڕاق بۆ ئەنجامدانی گەشتەکانیان بەکارنەھێنن.
ھەروەھا بەڕێوەبەری ڕوانگەی عێراقی ئاماژەی بەوەشدا کە تێچووی تێپەڕبوونی یەک فڕۆکە بە ئاسمانی عێراقدا، نزیکەی ٤٥٠ دۆلار بووە و وتیشی: “بەھۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، ڕۆژانە نزیکەی ٣٦٠ ھەزار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە کە بۆ یەک مانگ گەیشتووەتە، ١٠ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆلار”.
ناوبراو تیشکی خستەر ئەوەیش کە ئاسمانی عێڕاق و تورکیا، دوو ڕێڕەوی گرنگن بۆ ئەنجامدانی گەشتەکان لە ئەورووپا و ئاسیادا و ڕاشیگەیاند: “پێش ئەم دۆخە، زۆرترین گەشتە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و ئاسیا لە ڕێگای کایەی ئاسمانیی عێڕاق و تورکیاوە ئەنجام دراون”.
ھاوکات ئەم دۆخە بەتەواویی کاریگەریی کردەسەر ھاتوچۆی گەشتیاران و کاری کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکان لەم چوارچێوەیەشدا، ژمارەیەکی ۆزر لە کۆمپانیاکان کاتی دەوامی کارمەندەکانییان بۆ سەدا پەنجا کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە کۆمپانیاکان دروست نەبێت و بتوانن کارەندەکان بە سەلامەتی لەماڵەوەبن.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ھەزار کۆمپانیا و شوێنی فڕۆشتنی بلیتی فڕۆکە ھەیە و ھەموو ئەوانەش بەشێوەیەکی گشتی لەم مانگەدا نزیکەی ١٥ ملیۆن دیناریان وەک زیان بۆ ھەر کۆمپانیایەک دیارییکردووە کە کۆی گشتی دەکاتە ١٥ ملیار دینار کە ئەمە تەنیا کرێ و مووچەی کارمەندەکان دەگرێتەوە.
محەمەد زێباری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای فڵای ئەربیل – ئور ئەیڕلاێن لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتانەی بەھۆی بارودۆخەکەوە ڕاگیراوە ڕایگەیاند، “لەوەتەی دەستپێکی شەڕ، لە کۆمپانیای ئێمە نزیکەی ١٥٠ گەشت ھەڵوەشاوەتەوە و، گەشتیارێکی زۆریش پێش دەستپێکی شەڕ تیکتی کڕیبوو، بۆ ئەوانەش چەند بژاردەیەکمان دیارییکردووە و بە ھیچ شێوەیەک مافی گەشتیارەکان لە ڕووی داراییەوە نافەوتێت، بژاردەکانیش ئەوەیە کە دەتوانن ڕۆژی گەشتەکەیان بگۆڕن، ھەروەھا دەتوانن بۆ ماوەی ساڵێک تیکتەکە بە ھەمان نرخ بەکاربھێنن، ھەروەھا بژاردەی سێیەم ئەوەیە کە دوای ساڵێک ئەگەر گەشتیار ویستی ئەوا پارەکەی بە شێوەی کاش پێدەدرێتەوە”.
دوای ئەوەی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەندرا، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق ڕایگەیاند لە ئێوارەی ئەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستپێدەکەنەوە.


