دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی رایگەیاند، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەستپێدەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، لەمڕۆوە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق دەکرێنەوە و ئاسمانی وڵات بە رووی هاتوچۆی فڕۆکەکاندا ئاسایی دەبێتەوە.
هاوکات، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، روونیشی کردەوە، فڕۆکەخانەی هەولێر بە شێوەیەکی تەواوەتی ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی گەشتەکان. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاری و رێکخستنی وردەکاریی گەشتەکانی هاتن و چوونن بۆ وڵاتانی دیکە..
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی خستە روو، لە نزیکترین کاتدا لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، پێشوازی و بەڕێکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت لە 28ی شوباتی رابردووەوە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکاردەهێنرا. بەو هۆیەوە بڕیاری راگرتنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی فڕۆکەخانەکان بە رووی گەشتیاراندا بۆ پاراستنی سەلامەتییان درابوو.
ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی زیاتر لە 38 رۆژ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا ئاسمانی عێراق لەلایەن هەردوو بەرەی جەنگەوە بەکاردەهێنرا و بەو هۆیەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هەڵوەشێنرانەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو شاندی هەردوو وڵات لە ئیسلامئاباد دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆ بکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن و بەهۆی ئەم ئاگربەستەشەوە دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.
