وەزارەتی کارەبا: کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر کرا، بەڵام بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمەکانی ئەندازیاری و تەکنیکی توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا کۆنتڕۆڵی کوژانەوەی گشتیی کارەبا بکەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی غازەوە بەرهەمهێنان وەک پێویست نییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەت، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١٢:٤٠ خولەک بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە “کوژانەوەی گشتی” لە تۆڕی کارەبای هەرێم ڕوویدا. تیمەکانی کۆنتڕۆڵ، بەرهەمهێنان و گواستنەوە دەستبەجێ کەوتنە کار و توانییان لە ماوەی تەنها ٣ کاتژمێردا کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر بکەن.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئێستادا گرفتێکی نوێ هاتووەتە پێش، ئەویش کەمبوونەوەی هەناردەی غازە لە کێڵگەی “کۆڕمۆڕ”ەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەرچی زووە گرفتەکە چارەسەر بکەن و دۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.”
