“نابێت ببینە داردەست کە ئاڕاستە بکرێین و بەکاربهێنرێین”
“نابێت بە هەڵخەڵەتاندن و پیاهەڵدانی هیچ لایەنێک تێبکەوین وکوێرانە لایەنگیری بکەین”
حاكم قادر
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک، خاک و نەتەوەکەمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە. دۆخەکەش، هەم دەرفەتی تیایە و هەم ئاڵەنگاری.
بۆیە نابێت ببینە داردەست کە ئاڕاستە بکرێین و بەکاربهێنرێین، بەڵکو پێویستە بە ئاگایی و بەرپرسیارێتیەوە هەڵسوکەوت بکەین.
یەکێتی و یەکڕیزی بنچینەی هەر سەرکەوتنێکن.
مێژووی پڕ لە خەباتی گەلی کوردستان فێری کردووین کە تەنها بە یەکگرتوویی و هەبوونی ستراتیژی نیشتیمانی دەتوانین بەرەو پێش بچین, بە پێچەوانەوە هەر ململانێیەکی ناوخۆیی و پەرتەوازەیی گوتاری سیاسی تەنها لاوازمان دەکات و دەچێتە خانەی بەرژەوەندییەكانی دوژمنانەوە.
ھەموو كات دۆستەکانمان دەڵێن، چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ و دانیشتن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و بەنیشتمانیکردنیان، پێویستیی سەرەکیین بۆ پاراستنی مافە ڕەوا و دیموکراتیەکانمان.
مێژوو فێرمان دەکات کە ئەگەر یەکگرتوو نەبین و ستراتیژییەکی هاوبەشمان نەبێت، ناگەینە ئەو ئامانجانەی کە بە درێژایی سەدان ساڵ خەبات و قوربانیمان بۆداوە، ئەم ڕاستییە، بیرمەندان و ڕۆشنبیران بەردەوام جەختیان لەسەر کردووە، بۆیە ئەو سیاسیانەی لە مێژووەوە فێر نەبن، ھەر بە سیاسیەكی ھەرزە دەمێننەوە.
دەبێت بە ڕوونی بزانین کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانی و خەباتی خەڵکە، نەک تایبەت بە هیچ حیزبێک، هەرچەندە حیزبەکان بە پێی خەبات و قوربانیدان بەشدار بوون، بەڵام ئەمە مافی ئەوەیان پێنادات کە گرەو بە چارەنووسی گەلەوە بکەن.
هەروەها لەم بارودۆخەدا نابێت بە هەڵخەڵەتاندن و پیاهەڵدانی هیچ لایەنێک تێبکەوین و کوێرانە لایەنگیری بکەین، بەڵام گرنگە بزانین کە هەموو ئەو سیستەم و ئاڕاستانەی ئامانجیان بەکارهێنان یان چەوساندنەوەی نەتەوەکانە ، مەترسیدارن ، هەر بۆیە لە ئێستادا، کە هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان هەن، پاراستنی خاک و نەتەوە و هەرێمەکەمان ئەركی لەپێشینە و عاقڵانە و هاوبەشی هەمووانە.
ئەگەر یەکڕیز و یەکگرتوو بین و واز لە ململانێی ناوخۆ بهێنین، دەتوانین هەم لە ڕووی بەرگری و هەم لەڕووی دیبلۆماسیەوە باشتر کار بکەین و دۆزی کورد بەهێزتر بکەین، بۆیە پێویستە بە لۆجیک مامەڵە لەگەڵ دەرفەتەکاندا بکرێت، نەک بە پاشکۆیی و کورتبینی.
ئەگەر لەم قۆناغە هەستیارەدا بە پەرتەوازەیی بەردەوام بین و خەریکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆمان و ململانێی ناوخۆ بین، ئەوا دوور دەکەوینەوە لە ئامانجە نیشتیمانییەکان و لاواز دەبین لە بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناغەش لەسەر شانی هەموومانە، یان بەیەکەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین
یان بە پەرتەوازەیی هەموو دەستکەوتەکانمان لەدەست دەدەین.
ئەم شەڕەی ناوچەكە و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بمانەوێ یان نەمانەوێ پریشكی ئێمەش دەگرێتەوە، پێویستە خۆمان ئامادەبكەین بۆ ھەموو ئەگەرەكان، گۆڕانكارییەكان ، ئالنگاریەكان ، ئەم باھۆزە بۆ گەلی كوردستان ھەم لەبارە و ھەم دژوارە ، لەبارە ئەگەر یەكگرتوو و یەكڕیز بین ، دژوارە گەر پەرتەوازە و ناتەبابین.
