spot_imgspot_img

ئێران هەڕەشەی داخستنی گەروویەکی تر دەکات

ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی باب المندب دەکات لە ڕێگەی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.

ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە (٧ی نیسانی ٢٠٢٦)، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بارودۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، لە ڕێگەی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا گەرووی باب المندب دادەخات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە: “ئەگەر دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت، ئەوا هاوپەیمانەکانی ئێران گەرووی باب المندبیش دادەخەن.”

ئەو سەرچاوە ئێرانییە لەبارەی گەرووی هورمزەوە ڕایگەیاند، ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیوێت، کردنەوەی گەرووی هورمزە، بەڵام ئێران لە بەرامبەر (بەڵێنی پڕوپووچ)دا ئەو گەرووە ناکاتەوە.

ئێران ڕایگەیاندووە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکادا نییە، چونکە ئەوان دەیانەوێت ئێران تەسلیمی فشارەکان بێت. ئێمە کاتێک نەرمیی دەنوێنین کە لایەنی ئەمریکی نەرمیی بنوێنێت، تا ئەو کاتەی ئەمریکا داوای خۆبەدەستەوەدان بکات، تاران هیچ نەرمییەک نانوێنێت.

پاکستان بەردەوامە لە گواستنەوەی پەیامەکان، بەڵام ئەمریکا تا ئێستا تۆنی دەنگ و شێوازی لێدوانەکانی نەگۆڕیوە.

گەرووی باب المندب یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی نەوت و بازرگانی، کە دەریای سوور بە دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیندییەوە دەبەستێتەوە. هەڕەشەی داخستنی ئەم گەرووە و گەرووی هورمز پێکەوە، بەواتای پەکخستنی بەشێکی گەورەی وزە و بازرگانی جیهانی دێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە