spot_imgspot_img

“هێرشەکەی ئێران ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە و گەلی کوردستانیش پشتی بە خودا قایمە”

سەرۆکی پارتی یدموکراتی کوردستان ڕایگەیاند شەهیدکردنی دوو هاووڵاتی لە هێرشێکی ئێراندا ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە و هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو دیسان هێرشی ناڕەوا كرایە سەر هەرێمی كوردستان و بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتیی بێ تاوان لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی درۆنی ئێرانیەوە شەهید كران.

بارزانی دەڵێت ئەو هێرشە “ئەوپەڕی تاوانكاری و زوڵمە، هاووڵاتیانی بێ تاوانی كوردستان بەوشێوەیە و بە بێ هیچ پاساوێك دەكرێنە ئامانجی ڕقێكی كوێرانە”.

ڕاشیگەیاند کە “شەهید بوونی ئەو دوو هاووڵاتیە بێ گوناحە دڵی هەموومانی پڕ ژان و خەم كرد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری ئەو دوو شەهیدە دەكەم. خودای مەزن بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات”.

مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “شەهیدکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی هەرێمی كوردستان هیچ شەهامەت و سەربەرزییەکی تێدا نیە. ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو هێرش و پەلامار و درۆنەکان بەهێزترە و هەرگیز ناشکێت. گەلی کوردستان پشتی بە خودا و ڕەوایەتیی دۆزەکەی قایمە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە