وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتیی بۆردومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکانی عێراق و دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دوێنێ شەو لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کە لەلایەن گرووپە تیرۆرستیە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئاڕاستە کرابوون، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین.
ڕوونیشیکردەوە کە هەر هەمان شەو، لە رێگەی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە لەئێرانەوە ئاڕاستەی سنووری هەولێر کرابوون ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی (مووسا ئەنوەر) بە ئامانج گیرا، کە بەداخەوە خۆی و هاوسەرەکەی شەهید بوون.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەم دەستدرێژیانە، بەردەوامیی ئەو زنجیرە هێرشە تێکدەرانەیە کە دەکرێنە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان و وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دووپاتی دەکەینەوە کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە: “جارێکی تر بەرپرسیارێتیی ئەم بۆردومانانە دەخەینە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچوەکانی عێراق. لەسەر فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێویستە ئەرکە یاسایی و ئەمنی و دەستورییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و سنوورێک بۆ ئەم هێرش و بۆردومانانە دابنێت”.
