spot_imgspot_img

وەزارەتی بازرگانی: چوار ملیۆن فەردە ئاردمان ڕادەستی بریکارەکان کرد

وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان بۆ هاووڵاتییان، چوار ملیۆن فەردە ئاردیان ڕادەستی بریکارەکان کردووە، هاوکات چاودێرییەکان بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا چڕکراونەتەوە بۆ دڵنیابوون لە باشی و کوالێتی ئاردەکە.

موحسین محەمەد ئەلنامس، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی پیشەسازی دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: تیمەکانی چاودێری لە بەغدا 379 سەردانی مەیدانییان بۆ ئاشەکان و بریکارەکان ئەنجامداوە، کە تیایدا 144 سەرپێچی تۆمارکراوە.

باسی لەوەشکردووە: پشکنینی تاقیگەیی و تاقیکردنەوەی نانکردن ئەنجامدراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاردەکە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان دەگونجێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی کۆمپانیاکە بەردەوامن لە بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانیان لە پارێزگاکانی: کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالە، بابل، کەربەلا، نەجەف، دیوانییە، موسەنا، میسان و بەسرا، بە مەبەستی سەقامگیری پرۆسەی دابەشکردن و چاودێریکردنی کوالێتی بەرهەمەکان.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە هاوکاتن لەگەڵ بەدواداچوون بۆ سکاڵای هاووڵاتییان و چارەسەرکردنیان، بەجۆرێک کە ببێتە هۆی دابینکردنی ئاردی باش بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و پاراستنی سەقامگیری بازاڕ.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە