ئەو درۆنە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کراوە کە ماڵێکی لە گوندی زەرگەزەوی سنووری دارەشەکران کردە ئامانج و بە هۆیەوە ژن و مێردێک شەهید بوون.
دەزگای دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کاتژمێر 00:15ی شەوی سێشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە شارەدێی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوت.
ئەوەشی خستەڕوو کە “بەداخەوە لە ئەنجامدا دوو هاوسەر بە ناوەکانی مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن شەهید بوون”.
دەزگای دژە تیرۆر ڕاشیگەیاند ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین.
ئەمە دووەم هێرشی ئێرانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە شەهیدی لێ بکەوێتەوە.
ڕۆژی 24ی مانگی ڕابردووش لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا، شەش پێشمەرگە لە سنووری سپیلک شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
ئەوکات وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، پێشمەرگەکان بە مووشەکی بالیستی ئێران و لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مرۆڤایەتی و دراوسێیەتیدا شەهید بوون.

