خامنەیی وەڵامی تیرۆرکردنی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسداران دەداتەوە: “ڕێڕەوی جیهادمان پەکناخرێت”.
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە (٦ی نیسانی ٢٠٢٦) بەیاننامەیەکی توندی سەبارەت بە کوژرانی یەکێک لە فەرماندە باڵا سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
بەیاننامەکەی خامنەیی دوای ئەوە هات کە لیوا مەجید خادمی، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتیلاعاتی سوپا) لە ئۆپراسیۆنێکی “تیرۆریستیدا” کوژرا.
خامنەیی لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە “دوژمنی ئەمریکی-سەهیۆنی، دوای شکستی یەکلەدوای یەکەکان لە جەنگی دژی گەلی ئێران و تێکشکانی پلانە شومەکانیان، پەنایان بۆ چەکەکەی هەمیشەییان بردووە کە ئەویش تیرۆرە.”
ڕێبەری ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کە لیوا مەجید خادمی دوای چەندین دەیەی تەمەنی لە کار و جیهادی بێدەنگ لە بوارەکانی ئەمنی و بەرگریدا، گەیشتووەتە پلەی شەهادەت. هەروەها جەختی کردەوە کە “تیرۆر و تاوان” ناتوانێت هیچ خلەل و درزێک بخاتە ناو ڕیزە یەکگرتووەکانی هێزە چەکدارەکان و موجاهیدانی ئێران لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
ئەم لێدوانانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە گرژییەکی توندایە و کوژرانی سەرۆکی هەواڵگری سوپای پاسداران وەک گورزێکی ئەمنی گەورە لە تاران سەیر دەکرێت.
