پارێزگاری كەركوك دڵنیایی دەداتە هاوولاتیان لە زۆری غازی ماڵان و بوونی عەمبارێكی زۆر و دەشڵێت: لەمەودوا نرخی غاز هەرزان دەكەن بۆ 6 هەزار و هەر ماڵێك دوو بوتڵی پێ دەدرێت.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خەڵك دڵنیا بێت لەوەی لە كەركوك ئێمە كێشەی غازمان نییە و خەزانێكی زۆری غازمان هەیە، كە دەگاتە زیاتر لە 37 هەزار تەنی تیایە و بەشی چەند مانگێك دەكات.
وتیشی، “ساڵی ڕابردوو لەم وەرزەدا 19000 بۆ 19500 بوتڵی غاز لە كەركوك پڕكراوەتەوە، بەڵام ئێستا بڕەكەی زیادی كردووە و دوێنێ بڕی 23000 بوتڵی غاز پڕكراوەتەوە و ئەمڕۆش گەیشتۆتە نزیكەی 24000 هەزار بوتڵ”.
ئاماژەی بەوەشدا، دەبێت بزانین ئەو غازە چی لێ دێت؟ كە بەشێكی بەقاچاخ دەڕوات و بەشێكیش لە هاووڵاتیان ترسی نەبوونی غازیان هەیە و بتڵەكانیان زوو پڕدەكەنەوە.
ڕێبوار تەها دەڵێت: لە ڕۆژانی داهاتووەوە سیستمی دابەشكردنی غاز بۆ ماڵان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و دەبێتە ئەلیكترۆنی و بریكارەكان ئەو ئامێرە وەردەگرن و لەسەر كارتی نەوت هەموو ماڵێك مانگانە بۆی هەیە دوو بوتڵ غاز وەربگرێت.
ئاشكراشی كرد، بەو سیستمە تازەیە نرخی غازیش كەم دەكەینەوە بە بڕی 1000 هەزار دینار واتە بوتڵێك دەكەینە 6000 هەزار دینار.
دەشڵێت: ڕۆژانە لە كەركوك لەلایەن غازی شیمالەوە بڕی 900 بۆ 1000 تەن غازی ماڵان بەرهەم دەهێنێت، كە بەشێكی دەڕوات بۆ بەغدا و بەشێكیشی دەدرێت بە هەرێمی كوردستان و بەشێكیشی بۆ دیالە.
