وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دوو شەممە ۲۰۲٦/٤/٦ کارا کردنی کۆبۆنی سوتەمەنی بۆ غازی ماڵان ڕاگەیاند و لەمەدوا هەر خێزانێك دەتوانێت لە مانگێكدا دوو بوتڵ غاز وەربگرێت لە ڕێگەی بریكارەكانەوە، كە ئەوانیش ئامێرێكی تایبەت بە (کارتی سوتەمەنی)ـیان بۆ دابیندەکرێت.
ڕافد سادق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەت، بە ئاژانسی فەرمی (العراقية)ى ڕاگەیاند: “کارتی سوتەمەنی تایبەت بە ماددەی غاز، بە بڕی دوو بوتڵ بۆ هەر خێزانێک لە مانگێکدا کاراکرا”، جەختیشی کردەوە کە “هیچ پۆرتاڵێکی ئەلیکترۆنی نوێ بۆ ئەم خزمەتگوزارییە دروستنەکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سیستمەکە پشت بەو پۆرتاڵە ئەلیکترۆنییەی پێشوو دەبەستێت کە تایبەت بوو بە دابەشکردنی نەوتی سپی، کە هاوڵاتیان دەتوانن لەوێوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ بەدەستهێنانی بەشە غازیان، وەک چۆن پێشتر کاری پێدەکرا”.
ڕافد سادق باسی لەوەشكرد، “ژمارەی بەشداربوانی ئەم پۆرتاڵە زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار بەشداربوەو، زیاتر لە 90%ـی وێستگەکانی سوتەمەنی و گۆڕەپانەکانی دابەشکردنی غاز لە ئێستادا لە چوارچێوەی ئەم پەنجەرەیەدا کار دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “بریکارە گەڕۆکەکان ئامێرێكی تایبەت بە کارتی سوتەمەنییان بۆ دابیندەکرێت، ئەمەش وا دەکات هاوڵاتیان بتوانن بەشە غازی خۆیان لە ڕێگەی فرۆشیارە گەڕۆکەکانەوە وەربگرن، هەروەک چۆن لە وێستگەکانیشدا هەیە”.
