جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان رێککەوتن و بەڕێوەبردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەی هاوبەش دەبێت.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرپەرشتیی 13ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی کرد. لەم کۆبوونەوەیەدا شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون.
بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، میوانداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان لە دەروازە سنوورییەکان.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەدا، لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتوون، بەتایبەتی لە بواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
هەروەها بڕیار درا سیستمی “ئەسیکۆدا” لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە مەرجێک داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەرکی حکومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەکانیش بە شێوەی هاوبەش بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكەن بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا شاندێکی هونەریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی یەکخستنی رێکارەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشە لە چەند رۆژێکی کەمدا هەردوو تیم راپۆرتێک بدەنە ئەنجوومەنی ئابووری بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست.
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راوێژکاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەری گشتیی بەدواداچوون و هەماهەنگی، لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
