وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوا لە ئەمریکا دەکات کۆتایی بە زمانی هەڕەشە و مۆڵەت بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، هاوکات مۆسکۆ دەستی بە گواستنەوەی کارمەندەکانی لە وێستگەی بوشەهر کردووە.
ڕووسیا بە شێوەیەکی فەرمی هاتووەتە سەر هێڵ بۆ ڕێگریکردن لە وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنیی ئێران، چۆڵکردنی وێستگەی بوشەهر لەلایەن ڕووسیاوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی جەنگەکە گەیشتووەتە نزیک هێڵە سوورە ئەتۆمییەکان.
سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی ڕایگەیاند: گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی تەنیا ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری دۆخەکە؛ مەرجی سەرەکی بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، دەستبەرداربوونی واشنتنە لەو زمانە توندەی بەرانبەر تاران بەکاریدەهێنێت.
بەهۆی نزیکیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، ڕووسیا بڕیاری دا 198 کارمەندی تەکنیکیی خۆی لەو ناوچەیە بگوازێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوە ئەگەر تاران گەرووی هورمز نەکاتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبا و پردە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. تاران لە بەرانبەردا هەڕەشەی کردووە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، وەڵامەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا چڕتر دەکاتەوە.
