هەناردەی نەوتی بەسڕە لە ڕێگەی کەرکووک و بۆرییەکانی هەرێمەوە زیاد دەکات.
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، پڕۆسەی گواستنەوەی بڕێکی زۆری نەوتی خاوی بەسڕە بەرەو کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەستی پێکرد.
بەپێی زانیارییەکانی نەبیل مەرسومی شارەزای دارایی و ئابووری، ڕۆژانە ٩٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی بەسڕە دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەکانی پاڵپێوەنانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور لە پارێزگای کەرکووک. ئەم پرۆسەیە بە مەبەستی ئامادەکردنی نەوتەکەیە بۆ هەناردەکردن.
ئەم بڕە نەوتە گواستراوەیە، لە ڕێگەی هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی دەکرێت. ئەم هەماهەنگییە لە نێوان ناوەند و هەرێم دەبێتە هۆی چالاککردنەوەی زیاتری هێڵەکان و زیادکردنی داهاتی گشتی.
بە زیادبوونی ئەم ٩٠ هەزار بەرمیلە، کۆی گشتی ئەو نەوتەی کە لەم ڕێڕەوەوە (بۆری هەرێم – جەیهان) هەناردە دەکرێت، بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٤٩ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
شارەزایان پێیان وایە ئەم هەنگاوە نیشانەی تێگەیشتنی نوێی نێوان بەغدا و هەولێرە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت و سوودوەرگرتن لە ژێرخانی وزەی ناوچەکە بۆ زیادکردنی هەناردەی نیشتمانی عێراق.
