لە ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی، تەرمی پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ لەنێو پاسێکدا دۆزرایەوە کە شوێنەواری خنکانی پێوە دیارە. پۆلیسی سلێمانی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
رائید ئاری لەتیف، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند کە تەرمی پیاوێک لەنێو پاسێکدا لە ناوچەی شارباژێر دۆزراوەتەوە.
رووداوەکە لە نێوان گوندی بناویلە و شارستێن، نزیک ناحیەی سیتەک روویداوە.
وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، کە قوربانییەکە تەمەنی نزیکەی 40 ساڵە و دانیشتووی ناحیەی عەربەتە.
پاسەکە هی هێڵی سەرچنارە، بەڵام تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە پاسەکە هی خۆیەتی یان نا.
لەسەر جەستەی قوربانییەکە شوێنەواری خنکان هەیە، بەڵام هۆکاری راستەقینەی مردنەکە، چ خۆکوژی بێت یان کوژرابێت، تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە.
پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
