سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە و دەڵێت:هەڵەی گەورە بکەیت ئەمریکا دەبێتە دۆزەخ بۆتان.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، بەندەرە نەفرەتیەکە بکەنەوە، هەی زۆڵە شێتەکان، ئەگینا لە دۆزەخ دەژین، تەنها سەیر بکەن! سوپاس بۆ خوا.
وتیشی، “ڕۆژی سێ شەممە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان لە ئێران لەناو دەبرێن، گەرووی هورمز بکەنەوە، ئەگەرنا لەناو دۆزەخدا دەژین”.
لای خۆشیەوە، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێكدا بۆ دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پێداگریی تۆ لەسەر گوێڕایەڵیکردنی فەرمانەکانی ناتانیاهۆ، تەواوی ناوچەکە دەسووتێنێت.
ڕاشیگەیاندووە، جوڵە بێ بنەماکانی تۆ، ئەمریکا دەکاتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە بۆ تاک بە تاکی خێزانە ئەمریکییەکان و تەواوی ناوچەکەمان بەهۆی پێداگریی تۆ لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ناتانیاهۆ، ئاگری تێبەردەبێت.
دەشڵێت: هەڵە مەکە، بە تاوانە جەنگییەکان ناگەی بە هیچ دەستکەوتێک.
جەختیشی كردۆتەوە، تەنیا چارەسەری ڕاستەقینە، ڕێزگرتنە لە مافەکانی گەلی ئێران و کۆتایی هێنانە بەم یارییە مەترسیدارە.
