مەسرور بارزانی هێرشەکان بە “قێزەون” ناو دەبات و داوای هەڵوێستی یەکلاکەرەوە لە بەغدا دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی تونددا سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر شاری هەولێری کرد و هێرشەکانی بە “کارێکی قبووڵنەکراو” و “هەڕەشەیەکی جیددی” بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسف کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: “بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە قێزەونانەی میلیشیا تیرۆریستەکان دەکەم کە کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا و ناوچە سڤیلەکانیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج.”
جەختیشی کردەوە، کە ئەم دەستدرێژییە ئەنقەستانە مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆ سەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، عێراق و هەموو ناوچەکە.
مەسرور بارزانی ڕوو لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا، داوای هەڵوێستێکی جددی دەکات و دەڵێت: “جارێکی دیکە بە ڕاشکاوی داوا لە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەکەم کە هەنگاوی دەستبەجێ، یەکلاکەرەوە و کردەیی دژی ئەم گرووپە چەکدار و میلیشیا لەیاسادەرچووانە بنێت.”
سەرۆکی حکومەت ئەرکی پاراستنی ئاسایش و ڕێگریکردن لەم هێرشانەی خستە ئەستۆی بەغدا و داوای کرد: “پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەموو تواناکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستییانە و پەلکێشکردنی بەرپرسانی ئەم هێرشانە بۆ بەردەم دادگا.”
