عێراق بە فەرمی سوپاسی ئێران دەکات بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی تانکەرە نەوتییەکانی لە گەرووی هورمز.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە بەرامبەر بڕیاری ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی تانکەرە نەوتییەکانی عێراق بەناو گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد کرد. لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوە سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی ئەم هاوکارییە لە داهاتوویەکی نزیکدا کردەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە میکانیزمەکانی هاوکاری هاوبەش کرد بۆ زامنکردنی تێپەڕبوونی تانکەرەکان بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا بکات.
هاوکات تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی کرا، وەزیری دەرەوە دووپاتی کردەوە، کە سیاسەتی نەگۆڕی عێراق لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لە جەنگ و چارەسەرکردنی کێشەکانە لە ڕێگەی گفتوگۆوە.
باڵیۆزی ئێران لە دیدارەکەدا دوایین هەڵوێست و پەرەسەندنەکانی وڵاتەکەی سەبارەت بە جەنگ و دۆخی ناوچەکە بۆ لایەنی عێراقی خستە ڕوو.
