کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتەکانی ئێوارەوە نمەباران لە چەند ناوچەیەک دەستپێدەکات و سبەینێش شەپۆلێکی باران و هەورەبروسکە و تەرزە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بارستە هەورێکی زەبەلاحی باراناوی کە بە هەوری سوپەر سێڵ ناسراوە و هەڵگری بارانی بە لێزمە و هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزەیە هاتووەتە ناوچەکانی بادینان و باشووری دهۆک و باکووری ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین.
وتیشی، “بارستە هەورەکە بە ئاراستەی ناوچەکانی باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی هەولێر بەڕێوەیە، لە کاتی چڕبوونەوەی هەورە کەڵەکەبووەکان ئەگەری بارانی بەهێز و تەرزە هەیە لە چەند شوێنێک.
لای خۆشیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە ٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، لە کاتەکانی ئێوارەوە نمەباران لە چەند ناوچەیەکی هەرێم دەستپێدەکات.
ڕاشیگەیاندووە، سبەینێ دوو شەممە، ئەگەری نمەباران و هەورەبروسکە لەسەر هەندێک ناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەیە و لە هەندێک ناوچەش لێزمە باران دەبێت. لە هەندێک ناوچەی دیکەش کەشەکە نیمچە هەوردەبێت و پلەکانی گەرماش بەرزدەبنەوە.
