قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەردوو کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا و ئیتاڵیا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، هەوڵی تەواومان داوە دامەزراوەکانی حکومەت بە کارایی و بەهێزی بمێننەوە و دەشڵێت: سەركردایەتی سیاسی كورد هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە بە كەمترین زیان ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.
قوباد تاڵەبانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: لە کۆبوونەوەکانم لەگەڵ هەردوو بەڕێزان (یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا) و (تۆماس سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا) کە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر بەرێوەچوو، روونم کردەوە، لەم ماوەیەدا هەوڵی تەواومان داوە دامەزراوەکانی حکومەت بە کارایی و بەهێزی بمێننەوە و بەردەوام بن لە گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییانی کوردستان.
دەشڵێت: ئەم جەنگەی ئێستا هەیە زیان و کاریگەریی خراپی بۆ سەر هەموو ناوچەکە هەبووە.
جەختیشی كردۆتەوە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە وڵاتەکەمان پارێزراوبێت و کوردستان بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت.


