ترەمپ ئۆپەراسیۆنێکی “مەحاڵ” لە قووڵایی خاکی ئێران ڕادەگەیەنێت.
دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی فەرمیدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەگمەنی بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی لە ناو خاکی ئێران ئاشکرا کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە فڕۆکەوانەکە عەقیدێک (کۆڵۆنێڵ)ـی ڕێزلێگیراوە و دوای ٧ کاتژمێر مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئاسمانی ئێران، توانراوە لە “قووڵایی چیاکان” ڕزگار بکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا بڕیارە ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لە “ئۆڤاڵ ئۆفیس” کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی فراوان لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان ئەنجام بدات بۆ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر.
دەقی پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
“ئێمە ئەندامێکی تاقم یان ئەفسەرێکی فڕۆکەی F-15ی زۆر ئازامان کە بە سەختی بریندار ببوو، لە قووڵایی چیاکانی ناو خاکی ئێران ڕزگار کرد. سوپای ئێران بە ژمارەیەکی زۆرەوە بە چڕی بەدوایدا دەگەڕان و خەریک بوو لێی نزیک دەبوونەوە. ئەو عەقیدێکی (کۆڵۆنێڵ) زۆر ڕێزلێگیراوە.
ئەم جۆرە هەڵکوتانە بەهۆی ئەو مەترسییەی لەسەر ‘مرۆڤ و کەلوپەلەکان’ هەیە، کەمجار هەوڵی بۆ دەدرێت. شتێکی وا هەر ڕوونادات! هەڵکوتانی دووەم لە دوای یەکەم هات، کە تێیدا فڕۆکەوانەکەمان لە ڕوونیی ڕۆژدا ڕزگار کرد، ئەمەش نائاساییە و حەوت کاتژمێرمان لە ئاسمانی ئێران بەسەر برد. نمایشێکی سەرسوڕهێنەری ئازایەتی و لێهاتوویی بوو لەلایەن هەمووانەوە!
ڕۆژی دووشەممە، کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی لە نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤاڵ ئۆفیس) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز دەکەم. خوا جەنگاوەرە سەربازییە مەزنەکانمان بپارێزێت!
سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ”
