spot_imgspot_img

بۆ نۆیەمین جار لە مێژوویدا؛ بەنداوی دهۆک سەرڕێژ بوو

كاتژمێر شەشی ئێوارەی ڕۆژی هەینی، بەنداوی دهۆک دوای گەیشتن بە بەرزترین ئاستی گلدانەوەی ئاو کە ٥٢ ملیۆن مەتر سێجایە، بە تەواوی سەرڕێژ بوو، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی پڕبوونی بەنداوەکە، ئه‌مڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بۆ بینین و گرتنی وێنەی ئەو دیمەنە ناوازەیە، ڕوویان لە بەنداوی دهۆک کردووە.

بەهۆی بارانە زۆرەکەی ئەمساڵەوە، زۆربەی بەنداوە بچووک و گەورەکانی پارێزگای دهۆک سەرڕێژ بوون. لەوانەش بەنداوە ستراتیژییەکانی وەک “خنس” لە قەزای شێخان و بەنداوی “کەشکان” لە سنووری قەزای سێمێل کە ڕۆڵێکی گرنگیان لە گلدانەوەی ئاودا هەبووە.

لای خۆشیانەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دهۆک دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەلامەتیی بەنداوەکە دەکەن و لە ڕووی تەکنیکییەوە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و بارودۆخی جێگیرە.

بە مەبەستی پاراستنی گیان و سامانی گەشتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک جارێکی تر ئاگاداری بڵاوکردەوە کە پێویستە هاووڵاتییان و خاوەن ناوچە گەشتیارییەکان لە ڕووبارەکان دوور بکەونەوە، تاوەکو لە کاتی تێپەڕبوونی ئاوی زیادەی بەنداوەکەدا تووشی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو نەبن.

لە مێژووی دامەزراندنی بەنداوەکەوە، نۆیەمین جارە ئەم دیاردەیە ڕوودەدات؛ یەکەمین جاریان لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو و دوایین جاریش لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار کرابوو.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە