وردەکارییە سەرەتاییەکانی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەمی ئەو فڕۆکە ئێف 15یەی ئەمریکا ئاشکرا کرا کە هەفتەی ڕابردوو لە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران خرایە خوارەوە.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی 200-300 سەرباز لە یەکەکانی کۆماندۆ و ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان لە ئۆپراسیۆنەکەدا بەشدار بوون، لەگەڵ دەیان هێلیکۆپتەری تایبەتی SOAR، بە پاڵپشتییەکی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا.
فڕۆکەوانەکە پەنای بۆ ماڵێک لە گوندێک بردووە و پاشان بە پێ بەرەو یەکێک لە چیاکان ڕۆیشتووە، پاشان لە ڕێگەی ئامێرێکی کۆدکراوی AN/PRC-112Gەوە پەیامی داوای ڕزگارکردنی ناردووە بۆ سوپای ئەمریکا و ئەو هێزەش کە بەهانایەوەچوون، شوێنەکەیان دیاری کردووە.
دواتر فڕۆکەکان تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری شوێنی فڕۆکەوانەکەیان بۆردومان کردووە بۆ ڕێگریکردن لەوەی هێزە ئێرانییەکان بگەنە لای.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئەوەش دەخەنەڕوو کە فڕۆکەوانەکە پلەی عەقیدە و لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە ڕاوەدوونراوە، بەڵام بۆ ماوەی دوو ڕۆژ سەرکەوتوو بووە لە هەڵاتن لێیان.
ئاماژەش بەوە دراوە کە ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا ژمارەیەک لە هێزەکانی بەسیجیان کوشتووە لە کاتی پێکدادانەکەدا.
بە پێی ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو فڕۆکەی گواستنەوەی خۆیان لەناوبردووە کە دوای نیشتنەوەی نەیتوانیوە لە ئێران دەربچێت و هێزە تایبەتەکە و فڕۆکەوانەکەش لە ڕێی فڕۆکەی دیکەوە لە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە ڕزگارکراون.
لای خۆشیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا هەواڵی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی پشتڕاستکردەوە و لە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنیان لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدا.
وتیشی: فڕۆکەوانەکە کە بە “جەنگاوەری ئازا” ناوی بردووە، “لە پشت هێڵەکانی دوژمن و لە نێو چیا سەختەکانی ئێراندا بوو، لەوێدا لەلایەن دوژمنانمانەوە ڕاوەدوو دەنرا کە کاتژمێر بە کاتژمێر لێی نزیک دەبوونەوە. بەڵام ئەو لە ڕاستیدا تەنیا نەبوو؛ چونکە فەرماندەی باڵا، وەزیری بەرگری، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و هاوسەنگەرەکانی بەدرێژایی 24 کاتژمێر چاودێری شوێنەکەیان دەکرد و بە وریاییەوە پلانیان بۆ ڕزگارکردنی دادەنا”.

