spot_imgspot_img

محەمەد حاجی مەحمود: شەڕی سەپێنراو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بازرگانییەکی پڕ قازانجە

مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە و ڕایگەیاند، هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا، ژیرانە و لۆجیکییە، چونکە ئەم جەنگە، جەنگی کورد نییە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ کام لە لایەن بەشدارەکانی نییە..

بەپێی ڕاگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی حزبەكە، داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین یەکدەنگ و یەکڕیز هەستیاری قۆناغەکە لەبەرچاو بگرین و لەچوارچێوەی ئەنجومەنێکی سیاسی بەرنامەڕێژی بکرێت بۆ پاراستنی میللەتەکەمان و ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنایەتی ئەو گروپانەی هێرشی درۆنی مووشەكی دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان.

محەمەد حاجی مەحمود ڕایگەیاندووە، ئامانجی شەڕی سەپێنراو دیار نییە و جەنگەکە بووەتە نەهامەتییەکی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی ئەو وڵاتانەش.

ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

ئەمڕ ٤ـی نیسانی ۲٠۲٦ لە هۆڵی شەهید عەتا لە شاری سلێمانی، بەسەرپەرشتی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەرێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود پیرۆزبایی ئاڕاستەی ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستان و خوێندکارانی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرد بەبۆنەی یادی ٤۳ ساڵەی دامەزراندنیانەوە، هەر ئەمڕۆ کە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کۆنگرەی هەشتەمی حزبدا، پیرۆزبایی گەرمی لە تەواوی هەڤاڵانی حزب کرد و بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی بە نموونەیی و گرنگ لە مێژووی حزبدا هەڵسەنگاند، هەرچەندە دەستی ڕەشی ناحەزان لە پیلانگێڕیدابوون بۆ پەکخستنی کارەکانی، بەڵام پێشمەرگەکانی حزب و دڵسۆزانی وەک هەمیشە بەرگرییان لە ڕێبازە پیرۆزەکەیان کرد و شکستیان بە گێرەشێوێنان هێنا، بەڵام ناخ ڕەش و تاوانباران پێشمەرگەی دڵسۆزی حزب (دابان عوسمان) یان بە ناهەق شەهید کرد، سەرۆکی حزب تەئکیدی کردەوە خوێنی شەهیدی سۆسیالیست بەفیڕۆ ناڕوات و تاوانباران هەر ئەبێت باجی ئەو تاوانەیان بدەن.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود بەوردی تیشکی خستە سەر بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە بەتایبەتی جەنگی ئەمریکا، ئیسرائیل/ ئێران، ڕایگەیاند کە ئامانجی شەڕی سەپێنراو دیار نییە و جەنگەکە بووەتە نەهامەتییەکی تر بۆ خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی ئەو وڵاتانەش، بەڵام سەرۆکی ئەو وڵاتە تەماعکارانە نە ڕێز لە ماف و خواستی خەڵکی خۆیان دەگرن نە خەڵکی ئەم ناوچەیە، خۆپیشاندانی ڕۆژانەی خەڵکی ویلایەتە جیاوازەکانی ئەمریکا و ڕەتکردنەوەی جەنگ لەلایەن سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپاوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن، لای هەمووانیش ئاشکرایە جەنگەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە سەپێنراوە و کۆمەڵێک پێشهاتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ بەشێک لە وڵاتان و بازنەیەکی بچوکی نزیک لە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بازرگانییەکی پڕ قازانجە و بە خواستی خۆیان یاری بە بازاڕی جیهانی و نرخی وزە و چەکەوە دەکەن. زۆرینەی وڵاتانی دیکەش لەڕووی ئاینییەوە هەڵسەنگاندن بۆ جەنگەکە دەکەن لە نێوان ئیسلام و زایۆنیدا.

کۆبوونەوە، جەختی کردەوە کە هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا، ژیرانە و لۆجیکییە، چونکە ئەم جەنگە، جەنگی کورد نییە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هیچ کام لە لایەن بەشدارەکانی نییە.

دەربارەی پەلامار و هێرشی درۆنی و موشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە لایەن گروپەکانی سەر بە عێراقەوە، هەڵوێستی ڕوون و بەردەوامی حزب دووپاتکرایەوە و ڕاگەیەندرا کە ئەوانە چاویان بە پێشکەوتن و سەقامگیری کوردستان هەڵنایەت و هەمیشە لە بەهانەیەک دەگەڕێن بۆ زیانگەیاندن بە میللەتەکەمان، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین یەکدەنگ و یەکڕیز هەستیاری قۆناغەکە لەبەرچاو بگرین و لەچوارچێوەی ئەنجومەنێکی سیاسی بەرنامەڕێژی بکرێت بۆ پاراستنی میللەتەکەمان و ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنایەتی ئەو گروپانە.

لە وێستگەیەکی تری کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بۆ کاروبارەکانی حزب لە ڕووی ڕێکخستن و داراییەوە کرا و هەڤاڵان ڕاسپێردران بۆ زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزب.

مەکتەبی سیاسی
حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
٤ی نیسانی ۲٠۲٦

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە