بارەگای “خاتم الأنبياء”ی ناوەندی پەیامێکی مێژوویی ئاراستەی گەلی عێراق دەکات.
وتەبێژی بارەگای “خاتم الأنبياء”ی ناوەندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زنجیرە لێدوانێکی گرنگدا کە ئاراستەی گەلی عێراقی کرد، چەند بڕیار و هەڵوێستێکی نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکە ڕاگەیاند.
لە بڕیارێکی ستراتیژیدا، وتەبێژی بارەگاکە ڕایگەیاند، وڵاتی عێراقی برا، بەدەرکراوە (مستثنى) لە هەر جۆرە سنووردارکردن و سزایەک کە لەسەر گەرووی هورمز سەپێنراوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم سزایانە تەنها ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هەڵوێستی دوژمنکارانەیان هەیە.
وتەبێژەکە جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران ڕێزێکی بێپایان بۆ سەروەریی نیشتمانیی عێراق دادەنێت و خەباتی گەلی عێراق لە بەرامبەر هەژموونی ئەمریکا بە “شایستەی ڕێز و شکۆمەندی” ناوبرد.
لە پەیامەکەیدا بۆ هاووڵاتیانی عێراق هاتووە “ئێوە سەلماندتان نەتەوەیەکن ناچەمێنەوە و ئێستا لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدان بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئەمریکا.” هەروەها سڵاوی تایبەتی ئاراستەی “بەرگریی ئیسلامی” لە عێراق کرد.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی بارەگای خاتم الأنبياء ڕایگەیاند کە گەلی ئێران بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە لە گیانی پاکی شەهیدانی گەلی عێراق دەڕوانێت و هەڵوێست و هاوسۆزیی عێراقییەکان لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.
